گرنگ

دوای هەنگاوەکانی پارتی و ئەرشەد ساڵحی، راکان جبوری و حەسەن تۆران هانا بۆ تورکیا دەبەن

2025-03-05

 

دوای هەنگاوەکانی هەر یەک لە پارتی و باڵی ئەرشەد ساڵحی بۆ چوونە ناو ئیدارەی پاڕێزگای کەرکوک هەر یەک لە راکان جبوری و حەسەن تۆران هانا بۆ تورکیا دەبەن. ئێوارەی رۆژی ٥ی ئازار، حەسەن تۆران سەرۆکی بەرەی تورکمانی و ڕاکان جبوری پارێزگاری پێشووی کەرکوک و خالید مەفرەجی بەرپرسی لقی کەرکوکی حزبی سیادە لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا لەگەڵ هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبونەوە. بەپێی زانیاریەکانی بوار، شاندی هاوبەشی بەرەی تورکمانی و حزبی سیادە کە بایکۆتی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکیان کردووە دوای گۆڕانی هەڵوێستی پارتی و باڵی ئەرشەد ساڵحی لەسەر ئیدارەی کەرکوک سەردانی تورکیایان کردوە. بەپێی زانیارییەکان، شاندەکە بێ ئومێد بوون لە فشارەکانیان دژی ئیدارەی کەرکوک و هەڵوێستی دوو ڕۆژی ڕابردووی پارتی و ئاڕاستەی ئەرشەد ساڵحی بە ئاڕاستەی بەشداری لە ئیدارەی کەرکوک ناچاربوون هانا بۆ تورکیا ببەن.  حەسەن تۆران سەرۆکی بەرەی تورکمانی دەربارەی سەردانەکەیان بۆ ئەنکەرە ڕایگەیاندووە گفتوگۆیان دەربارەی ڕەوشی سیاسی و ئەمنی عێراق بەگشتی و کەرکوک بەتایبەت کردووە. لە دوو ڕۆژی ڕابردوو هەر یەک لە پارتی و ئاڕاستەی ئەرشەد ساڵحی لەناو بەرەی تورکمانی چەند هەنگاوێکیان بەئاڕاستەی دان پێدانان و بەشداری لە ئیدارەی کەرکوک گرتەبەر و پارتی دەستیکرد بەوەرگرتنەوەی پۆستە ئیدارییەکان و دوو بەڕێوەبەری لە شارەوانییەکانی کەرکوک وەرگرتەوەو ئەندامێکی بەرەی تورکمانی کە لە ئاڕاستەی ئەرشەد ساڵحییە بەشداری کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکی کرد.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color