گرنگ

بۆ جاری سێیەم کۆمپانیایەک ڕووپێوی بۆ کێڵگەی غازی چەمچەماڵ دەکاتەوە

2025-03-06

 

لەگەڵ بڕیاردان بۆ کارکردن و بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی غازی چەمچەماڵ لەلایەن کۆمپانیای داناگازی ئیماراتی، بڕیارە دووبارە ڕوپێوی بۆ گەڕان بەدوای غاز و نەوت لەکێڵگەکە ئەنجام بدرێت. بەپێی زانیاریەکانی بوار، کۆمپانیای داناگازی ئیماراتی لە گفتوگۆدایە لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای جیجی ئێف زێتی چینی و کۆمپانیای دی ئێم تی ئەوروپی تا لەگەڵ یەکێکیان گرێبەستی پشکنینی سایزمیک و جیۆفیزیایی بۆ کێڵگەکە ئەنجام بداتەوە. بڕیارە یەکێک لەو دوو کۆمپانیایە لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا دەست بەکاربن و پشکنین لە کێڵگەکە دەست پێبکەن. روپێوییەکە لە ڕووباری باسەڕەی نێوان چەمچەماڵ و ناحیەی سەنگاو دەست پێدەکات تا دەگاتە سەر زێی بچوک و چیای خاڵخاڵان. ئامانج لە دووبارە پشکنین بۆ زانینی یەدەگی غازی کێڵگەکەیە. کە پشکنین و خەمڵاندنە کۆنەکانی کۆمپانیای نەوتی باکور یەدەگی غازی کێڵگەکەی بە نزیکەی سێ تریلیۆن پێ سێجا خەمڵاندبوو، بەڵام پشکنینێکی نوێ لە دوای ساڵی ۲۰۱۱ یەدەگەکەی بە حەوت تریلێون پێ سێجا غاز خەمڵاندوە. بەڵام چاوەڕوان دەکرێت یەدەگی کێڵگەکە زیاتر بێت و گەورەترین کێڵگەی غازی هەرێمی کوردستان بێت. کۆمپانیای داناگاز چاوەڕوانی ئەنجامی پشکنینەکە دەکات و بڕیارە لەسەر بنەمای پشکنینەکە قۆناغی یەکەمی پەرەپێدان لە کێڵگەکە دەست پێبکات. لە پێش ساڵی ۲۰۱٨ کۆمپانیاکە سێ بیری لە کێڵگەکە لێداوە و بڕیاره بەم نزیکانە کارکردن بۆ لێدانی سێ بیری نوێ دەست پێبکات.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color