گرنگ

یەکێتی زانایانی ئاینی: داوا لە زانایانی عەمامە پاك دەكەین بایكۆتی ئەو كەناڵانە بكەن كە بێڕێزی بە پیرۆزییەكانی ئیسلام دەكەن

2025-03-06

 

بسم الله الرحمن الرحیم ومن يعظم شعائر الله فإنها من تقوى القلوب -جەماوەری خۆشەویستی كوردستان -زانایانی ئایینی قەدرگران -خەمخۆرانی رێبازی پێغەمبەری ئازیز (درودی خوای لەسەر بێت) -داواكاری گشتی هەرێمی كوردستان لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان بەدەست دەیان كێشەی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە دەناڵێنێت و بەداخەوە هیچ هەنگاوێكیش بەدی ناكەین بۆ چارەسەركردنیان، بەڵام لەم ساتەوەختەدا و لەم مانگە پیرۆزەدا هەندێك كەناڵ كە بە قوتی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بەڕێوەدەبرێن، بۆ لەبیربردنەوەی نەهامەتییەكانی بێ مووچەیی و بێ پلانی دەسەڵات، دێن بێ شەرمانە پەلاماری ئایینی پیرۆزی ئیسلام دەدەن و دەیانەوێت ئەو پێكەوەژیانە خواكردەی لە هەرێمی كوردستان هەیە و ئەوان بانگەشەی بۆ دەكەن تێكبدەن، هاوكات پاش زیاتر لە چواردە سەدە لە هاتنی پەیامی پیرۆزی ئیسلام ئەو كەناڵانە خەریكی دروستكردنی شوبوهات و گومانن بۆ موسڵمانان و زۆرجاریش پەل دەكێشێت بۆ كوفر و بێڕێزیكردن بە خودا و پێغەمبەر و ئایینی پیرۆزی ئیسلام. لێرەوە وەكو مەكتەبی زانایانی بزووتنەوەی ئیسلامی هەموو ئەو بێڕێزیانە ئیدانە دەكەین و بەو دۆڕاوانە دەڵێین خودا و پێغەمبەر و ئیسلام، هێڵی سوورن و لەلایەن هەر كەس و لایەنێكەوە دەست بۆ بچوكترین پیرۆزی ئیسلام ببرێت، بەهیچ شێوەیەك قبوڵكراو نییە و قبوڵیشی ناكەین و دڵنیاشبن هێشتا موسڵمانانێك ماون، پێتان بڵێن كامە سنووری ئێوەیە. لێرەشەوە داوا لە داواكاری گشتی و وەزارەتی ئەوقاف و یەكێتی زانایان و لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین، لەسەر ئەو بێڕێزیانەی لەم مانگە پیرۆزەدا لەو كەناڵە قوڕمیشكراوانە دەكرێتەسەر ئایینی پیرۆزی ئیسلام و پایەكانی و دروستكردنی گومان بۆ موسڵمانان بێنەدەنگ، چونكە داهاتووی ئەم جۆرە لە پیلانە گڵاوانە لە هەرێم باش نابێت و زیانمەندی سەرەكی خەڵكی كوردستانە، بۆیە داوا دەكەین ئەو كەناڵانە بدرێنە دادگا و لێپێچینەوەی یاساییان لەگەڵ بكرێت، چونكە بەپێی دەستوور هیچ كەس و لایەنێك بۆی نییە سوكایەتی بە پیرۆزی ئایینی ئیسلام بكات. هاوكات پێویستە دەستبەجێ ئەو بەرنامانە دابخرێن و داواش لە زانایانی عەمامە پاك دەكەین بایكۆتی ئەو كەناڵانە بكەن كە بێڕێزی بە پیرۆزییەكانی ئیسلام دەكەن و پێویستیشە ئەو كەناڵانە داوای لێبوردن لە موسڵمانان بكەن، چونكە خزمەت بە گەلی كوردستان ناكات و هەر كەسێكیش داوای لێبوردن نەكات خوای گەورە سوكی دەكات. مەكتەبی زانایانی بزووتنەوەی ئیسلامی 6ی رەمەزانی 1446 6ی ئاداری 2025

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color