ماوەی چەند ڕۆژێکە قەیرانی کەمی غازی ماڵان دروست بووە و قەیرانەکە زیاتر پارێزگاکانی هەولێر و دهۆکی گرتوەتەوەو لەهەندێ ناوچەی پارێزگای سلێمانی بەهەمان شێوە غاز کەمبووەتەوە. لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک نرخی بوتڵێک غاز لە ٨ هەزار و ٥۰۰ دینارەوە گەیشتووەتە ۱٥ هەزار دینار و هاوڵاتیان ناچارن بەنرخی بازرگانی بیکڕن. دوو هۆکاری سەرەکی قەیرانی غازیان دروست کردووە، یەکەمیان ناردنە دەرەوەی بەشێک لە غازە کە پشکی بازرگانی کۆمپانیاکانە و لە ئێستادا لە هەموو وڵاتان نرخی بەرز بووەتەوە بەهۆی وەرزی زستان و سەرماوە. پێشتر ئەو بڕە لەناوخۆدا بەشێوەی نرخی بازرگانی ساغ دەکرایەوە کە ڕۆژانە لەنێوان ٤۰۰ تا ٥۰۰ تۆندایە. هۆکاری دووەم بەکارهێنانی زۆری غازە وەک هۆکارێکی گەرمکردنەوە. ئەمەش بەهۆی ئەوەی نرخی نەوت گرانە و هاوکات کێڵگەکانی پەلەوەر لەم وەرزەدا غاز بۆ گەرمکردنەوە بەکار دەهێنن و خواستی زۆر لەسەر غاز دروست بووە. هەرێمی کوردستان پشت بە غازی کێڵگەی کۆرمۆر دەبەستێت و ڕۆژانە بەرهەمی کێڵگەکە زیاتر لە هەزار و ۱۰۰ تۆن دەبێت. نزیکەی ۷۰۰ تۆنی بەکارگەکانی غاز دەدرێت لە پارێزگاکان و ئەوەی دەمێنێتەوە بەشێوەی بازرگانی دەفرۆشرێت.