بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان ئاماژەبەوەدەكات دوای زیاتر لە 15 رۆژ زیندانیكردنی 12 تیكتۆكچی لە زیندانی ئاسایشی سلێمانی سەرجەمیان ئازاد كران، ئەوەش دوای ئەوەی بەڵێننامەیان پێپڕكراوەتەوە كە نابێت قسەی نەشیاو بڵاوبكەنەوە. عەقید سەلام عەبدولخالق، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند: ئەو كەسانەی بەهۆی خراپ بەكارهێنانی تیكتۆكەوە دەستگیركران 12 كەس بوون و ئازاد كران، هاوكات ئەو 12 كەسەی ئازاد كراون بەڵێننامەیان پێ پڕكردراوەتەوە، كە نابێت بەهیچ شێوەیەك بابەتی ناوەڕۆك نەشیاو و قسەی نەشیاو لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبكەنەوە. پێشتر و لە 17/2 لە راگەیێندراوێكدا بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند:بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی بڵاوكراوە نەشیاوەكان، بە بڕیاری داواكاری گشتی، هەشت تۆمەتباری خراپ بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی دەستگیر كران، تۆمەتباران لە رێگەی گرتە ڤیدیۆیی و لایڤەكانیان بابەتی نەشیاویان بڵاوكردووەتەوە و كاریگەری نەرێنییان لەسەر تاك و خێزانەكان هەبووە، دواتر ژمارەی ئەو كەسانە بەرزبووەوە بۆ 12 كەس. لەنێو دەستگیركراواندا كە ئازاد كراون، هەریەكە لە فەرمانی لەفە، مام لەتیف، ئەرجوومەنە ریشە و چەند تیكتۆكچییەكی دیكە هەن.