بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێم ئاماژەبەوەدەكات لەماوەی دوو مانگە ڕابردووی ئەمساڵدا زیاد لە 400 مۆڵەتی بازرگانی بۆ هاوردە دراوەتە بازرگانان، هاوكات هەر لەو ماوەیەدا زیاد لە 25 هەزار ئۆتۆمبێلیش هاوردەی هەرێم كراون. نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لەوەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێم، ڕایگەیاند: ئەمساڵ خواستێكی زیاتر لەسەر كاری بازرگانی و هاوردەكردن هەبووە و بازرگانان زیاتر داوای مۆڵەتی هاوردەكردن دەكەن بۆ ئەوەی خۆراك و شمەك و كەلوپەل لە دەرەوە هاوردەی هەرێمی كوردستان بكەن. ئاماژەی بەوەشكردەوە، ئەمساڵ زیاد لە 400 مۆڵەتی بازرگانی بە بازرگانان دراوە بۆ هاوردە، هاوكات زیاد لە 100 مۆڵەتی هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل دراوە بە بازرگانان و زیادلە 25 هەزار ئۆتۆمبێلیش هاوردەی هەرێمی كوردستان كراوە، ئەوە بەپێی مەرج و رێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆ و بەپێی مۆدێلی دیاریكراو. بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەمساڵ مۆڵەتەكان لە هەموو بوارەكان بۆ هاوردەكردن بووە و زۆرترین مۆڵەتیش بە پلەی یەكەم لە بواری بەرهەمەكانی پیشەسازی كیمیایی بووە، بە پلەی دووەم بۆ بەرهەمەكانی رووەكی و بە پلەی سێیەم دەزگا وئامێری ئەلكترۆنی و كارەبایی و چوارەمیش بۆ ئاژەڵی زیندوو بووە.