بەرپرسی لقی چواری پارتی لە شلێمانی ئاماژەبەوەدەكات، لە ڕاپەڕینی شاری سلێمانی دەسەڵاتی داگیركەر كۆتایی پێهات و بووە هۆی ئەوەی كورد حوكمی بەشێكی بەرچاو لە نیشتمانی خۆی بكات و هەڵبژاردن بكرێت، دەشڵێت" دەبێت هەمیشە دروشمی ئێمە (یا نیشتمان یا مردن) بێت" ئاری هەرسین، بەرپرسی لقی چواری پارتی بەمیدیای حزبەكەی ڕاگەیاندووە: گرنگی راپەڕین لەوەدایە لە هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی داگیركەر كۆتایی پێهات و ئەو شێوازەی لە تیرۆر كە هاووڵاتیانی كورد لە لایەن ڕژێمی سەدامەوە ڕووبەڕووی ببوونەوە لەناوچوو و كەوتنی ئەمنە سوورەكەش كەوتنی بەعشی لە كوردستان مسۆگەرتر كرد. ئاماژەی بەوەشكردووە، راپەڕین بووە هۆی ئەوەی كورد حوكمی بەشێكی بەرچاو لە نیشتمانی خۆی بكات و هەڵبژاردن بكرێت، دواتر بووینە خاوەنی پەرلەمان و حكوومەتی خۆمان، بۆیە راپەڕین لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازیی كوردستاندا شوێنێكی تایبەتی هەیە و وەچەرخانی مێژووییە بە واتای تەواوی خۆی. بەرپرسی لقی چواری پارتی ئەوەشی وتووە، پێویستە ئەو دەستكەوتانە وەك بیلبیلەی چاوی خۆمان بپارێزین، لەبەر ئەوەی مانەوەی ئێمە بەندە بە مانەوەی ئەم قەوارە، چونكە ئێرە نیشتمانی خۆمانە، بۆیە هەمیشە دروشمی ئێمە دەبێت ئەوە بێت یا نیشتمان یا مردن، چونكە شوناس و بوونمان بەندە بە نیشتمان و كیانی كوردستانەوە.