گرنگ

گرێبەستەكەی نێوان عێراق و ئێران كۆتایی هات و ئەمەریكاش هۆشداری داوە

2025-03-08

 

ئەمڕۆ شەممە گرێبەستی نێوان عێراق و ئێران سەبارەت بە هاوردەكردنی غاز بۆ عێراق كۆتایی هات، بەرپرسێكی باڵای ئەمریكاش هۆشداریی داوە بە عێراق ئەو گرێبەستە نوێ نەكاتەوە. تامی بروس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند: ئەمڕۆ شەممە 8/3 گرێبەستی هاوردەكردنی غازی ئێران بۆ عێراق كۆتایی دێت، تا ئێستا هیچ شتێكمان نییە بۆ درێژكردنەوەی ماوەی گرێبەستەكە، ئێمە پێداچوونەوە بە هەموو ئەو لێخۆشبوونانەی سزاكانی ئێستا دەكەین، كە هەر پێوەرێك بۆ یارمەتیدانی ئابووری و دارایی دابین دەكەن ئاماژەی بەوەشكردووە، داوایان لە عێراق كردووە بەزووترین كات كۆتایی بە پشت بەستن بە سەرچاوەی وزەی ئێرانی بهێنێت، چونكە ئەو لێخۆشبوونەی بۆ عێراق كرابوو، ئەمڕۆ كۆتایی هات، هاوكات پێشوازیی لە پابەندبوونی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی وزە كرد. وتەكانی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە كاتێكدایە كە، لە ئێستادا عێراق ٢٧ هەزار مێگاوات كارەبا لە ڕێگەی وێستگەكانەوە بەرهەم دەهێنێت، كە زۆربەیان بە غاز كاردەكەن، ئەم بڕەش پێداویستییەكانی وڵات بە كارەبا دابین ناكات، چونكە عێراق پێویستی بە زیادكردنی بەرهەمهێنان هەیە بۆ ئەوەی بگاتە ٤٠ هەزار مێگاوات بۆ ئەوەی دابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێری مسۆگەر بكات.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color