کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم دەیانەوێت پێش دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم کەیسی یەک ملیار دۆلار لە شایستەکانیان کە دەگەڕێتەوە بۆ پێش ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم یەکلایی بکەنەوەو پێدانەوەی ئەو بڕە پارەیە لە نێوان هەرێم و بەغدا یان بەهاوبەشی مسۆگەر بکەن. قەرزی کۆمپانیاکان بریتییە لە تێچوونی دەرهێنانی نەوت و پشکی قازانجی ۱۱ کۆمپانیا کە بریتین لە کۆمپانیاکانی DNOو HKN وگوڵف کیستۆن و شاماران پترۆلیۆم و هەنت ئۆیڵ و MOL و گەنەڵ ئینێرجی و وێسترۆن زاگرۆس و فۆڕزا پترۆلیۆم(زیگ ئۆیڵ) و پیت ئۆیڵ و گازپڕۆم. لەو ۱۱ کۆمپانیایە هەشتیان لەناو کۆمەڵەی ئاپیکۆر و سێ کۆمپانیایان لە دەرەوەی کۆمەڵەکەن و هەردوو کۆمپانیای کار گروپ و داناگازیش لە دەرەوەی ئەو قەرزەن بەو پێیەی سیستەمی پێدانی شایستە داراییەکانیان جیایە لە کۆمپانیاکانی تر. ئەو یەک ملیار دۆلارە بریتییە لە شایستەی کۆمپانیاکان لە سەرەتای مانگی ئەیلولی ۲۰۲۲ تا ۲٥ی ئازاری ۲۰۲۳ کە هەناردەی نەوتی هەرێم ڕاگیرا.