بریار بوو تا ناوەڕاستی مانگی رەمەزان، ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی واژوو بکرێت و دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرێت. بەڵام تا ئێستا هیچ کۆبونەوەیەکی ئەو دوو حیزبە لە مانگی رەمەزان بەڕێوە نەچووە. بەپێی زانیارییەکانی بوار، یەکێک لە هۆکارەکانی کۆنە بوونەوەی تیمی دانوستانکاری پارتی و یەکێتی پەیوەندی بە بەڕۆژوو بونی بەشێک لە ئەندامانی هەردوو تیم و گەشتکردنیانەوەیە. یەکێتی و پارتی، رەشنووسێکی ڕێککەوتنیان ئامادەکردووە و بڕیار بوو بەر لە کۆبونەوەی تیمی دانوستانکاری پارتی و یەکێتی، کۆبونەوەیەکی لوتکە لە نێوان بافڵ تاڵەبانی و مەسرور بارزانی بەڕێوەبچێت و بڕیاری کۆتایی لە بارەی خاڵە ناکۆکەکانی پارتی و یەکێتی بدەن. تا ئێستا بە فەڕمی هیچ وادەیەک بۆ کۆبونەوەی داهاتووی ئەو حیزبە دەستنیشان نەکراوە، بەڵام بەپێی دوو سەرچاوەی جیاواز کە بوار قسەی لەگەڵ کردوون، پێشبینی ئەوەیان کرد لە ماوەی هەفتەی داهاتوو کۆبونەوەیەکی دیکەی تیمی دانوستانکاری پارتی و یەکێتی بەڕێوەبچێت.