بوار، تایبەت بە گوێرەی نوسراوێكی وەزارەتی ناوخۆی عێراق كە بە فەرمانێكی نهێنی و تایبەت ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەكانی وەزارەتەكەی كردووە، جەخت لەوەكراوەتەوە كە هەر ئەندامێكی وەزارەتی ناوخۆ لە هەر پلە و پۆستێكدا بێت، ئافرەتی بەدڕەوشت یان ناوبانگ خراپ بخوازێت، ئەوە زیندانی دەكرێت. بەگوێرەی نوسراوە نهێنییەكە كە لەلایەن (عەبدولئەمیر شەمەری)، وەزیری ناوخۆی عێراق واژۆی لەسەركراوە، ژنهینانی ئەفسەر و پۆلیس و ئەندامانی هێزەكانی سەر بە وەزارەتەكەی مەرجدار دەكات، و نووسینگەی وەزیر بۆ جێبەجێكردنی ناوەرۆكەكەی ئاراستەی هەر یەك لە ئاژانسی كاروباری هەواڵگری و لێكۆڵینەوەكانی فیدراڵی، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش و هەموو نووسینگەكانی دیكەی سەر بە وەزارەتەكەی كردووە. لە فەرمانە وەزارییەكەدا هاتووە، لەسەر بنەمای ئەو دەسەڵاتەی پێمان دراوە بەپێی بڕگەكانی ماددەی (4/یەكەم) لە یاسای وەزارەتی ناوخۆ ژمارە (20)ی ساڵی 2016 و بڕگەی (چوارەم)ی ماددەی (13) لە یاسای سزادانی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ بە ژمارە (14)ی ساڵی 2008، تێیدا هاتووە، هەر ئەفسەرێكی پۆلیس یان ئەندامێكی هێزە ئەمنییەكان بەهۆی هاوسەرگیریی لەگەڵ ئافرەتێك كە ناوبانگێكی خراپی هەیە و بەدڕەوشتە، ئەوە سزای زیندانی دەدرێت.