پرسی هەناردە کردنەوەی نەوتی هەرێم لە نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمەڵەی ئاپیکۆر کە هەشت کۆمپانیای نەوتن وەک خۆی ماوەتەوە و حکومەتی هەرێم پشتیوانی داواکاری کۆمپانیا نەوتییەکان دەکات و دەیەوێت بەغدا قەرزی شایستەی کۆمپانیاکان پاکتاو بکات کە بڕەکەی یەک ملیار دۆلارە. لەلایەکی دیكە بڕیارە لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی عێراق بانگێشتی وەزیری نەوتی عێراق بکەن و پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی لەگەڵدا تاوتوێ بکەن. لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەک پەرلەمانتاری عێراق دەیانەوێت وەزیری نەوت بانگهێشتی کۆبونەوەی پەرلەمان بکەن سەبارەت بە هۆکاری دەست پێنەکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم. دوای بێئەنجام بوونی کۆبونەوەی نێوان کۆمپانیاکان و هەردوو وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی هەرێم لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم تا ئێستا هیچ وادەیەک بۆ کۆبونەوەی داهاتوویان دیاری نەکراوەو هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بەنادیاری ماوەتەوە.