ئیدارەی ترامپ دەیەوێت بەتەواوی کۆت و بەند بخاتە سەر ئێران و ڕێگا نەدات لە عێراقەوە پارە بۆ ئێران بڕوات لە بەرامبەر کڕینی غاز و کارەبا، بەمەش كێشە بۆ كارەبای قەزای پێنجوێن دروست دەبێت.
تا ئێستا حكومەتی ئەمەریکا ڕەزامەندی نەداوە لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستی هاوردەی غازی ئێران لەلایەن عێراق. لە ئێستادا ئیدارەی ترامپ دەیەوێت بە قۆناغ بەندی دوای غاز ڕێگری لە هاوردەی کارەبا لە ئێرانەوە بکات.
عێراق لە ڕێگای پێنج هێڵەوە نزیکەی سێ هەزار مێگاوات کارەبا لە ئێرانەوە هاوردە دەکات کە هاوتای سێیەکی ئەو کارەبایەیە لە هاوردەی غازی ئێران بەرهەم دەهێنرێت.
هێڵەکانی هاوردەی کارەبا لە ئێرانەوە بۆ عێراق بریتین لە "خوڕ- زوبێر"، "خوڕەمشەهر- دیالە"، "میرساد- خانەقین"، "سەرپێڵ- عەممارە کەرخە"، "پێنجوێن- مەریوان".
بەڕاگرتنی هاوردەی کارەبا لە ئێرانەوە، هەرێمی کوردستان کارەبای قەزای پێنجوێن و بەشێک لە هەڵەبجە لە دەست دەدات و دەبێت لە کارەبای هەرێم قەرەبوو بکرێتەوە. بەگشتی تەنها قەزای پێنجوێن ۳۰ مێگاوات کارەبا لە ئێرانەوە وەردەگرێت.