بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی پارتی ئاماژە بەوەدەكات كێشەی كورد كێشەی پۆست و دەستكەوت نییە، بەڵكوو كێشەی مەعنەوییە، دەشڵێت"هێشتا خەون بەوەوە دەبینێت، بەغدا هاوبەشی ڕاستەقینەی بێت و ببینە برا" فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، كورد هێشتا خەون بەوەوە دەبینێت، بەغدا هاوبەشی ڕاستەقینەی بێت و لەگەڵ بەغدا ببینە برا. ئاماژەی بەوەشكردووە، لە دوای 2003ـەوە هەموو بەرپرس و حكوومەتەكانی بەغدا بەرپرسیاربوون لەوەی كورد وەك هاوبەشی سەرەكی بەشداری كایەی حكومڕانی پێ نەكراوە، ئێمە كێشەمان لەگەڵ گەلی عێراق نییە، بەڵام دەسەڵاتدارانی بەغدا كوردیان وەك هاوبەش قبووڵ نەكردووە. ئەو بەرپرسەی پارتی ئەوەشی وتووە، كێشەی كورد، كێشەی پۆست و دەستكەوت نییە، بەڵكوو كێشەی مەعنەوییە، هێشتا خەون بەوەوە دەبینین كە هاوبەشی ڕاستەقینە و برابین، بەڵام ئەمە هەروەك خەون ماوەتەوە.