گرنگ

عەبدوڵای کوێخا موبارەک بۆ دەسەڵاتداران: کۆمپانیاکانتان دەستیانگرتووە بەسەر بڕیاری حکومەت، ھیچیان نەھێشتۆتەوە بۆ کاروکەسابەتی خەڵک

2025-03-17

 

عەبدوڵای کوێخا موبارەک لە پەیامێکدا بە بۆنەی ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە کە دوێنێ بڵاوی کردووەتەوە هێرشی توند دەکاتە سەر دەسەڵاتدارانی هەرێم و لە مانشێتی پەیامەکەیدا دەڵێت ئەم پەیامە بۆ خەڵک نیە، بۆ دەسەڵاتدارانە و سەبارەت بە کێشەکانی نێوان بەغدا و هەرێم دەڵێت قەیران و گرفتەکان لەگەڵ عێراق لە ڕێگای برسی کردن و دروستکردنی ناکۆکی ناوخۆییەوە حکومەتی ھەرێم ڕەوایەتی و متمانەی نەمێنێت و ئەو کیان و فیدراڵیەی کورد ھەیەتی لەسەر داوای خەڵکی خۆمان ھەڵبوەشێتەوە و سەرکردایەتی کورد لە ھیچ پرسێک لە بەغدا یەک گرتوو نین. عەبدوڵای کوێخا موبارەک ڕوو لە دەسەڵاتداران دەڵێت «کۆمپانیاکانی ئێوە دەستیانگرتووە بەسەر بڕیاری حکومەت و کەرتی گشتی و کەرتی تایبەتدا و ھیچی وایان نەھێشتۆتەوە بۆ کاروکەسابەتی خەڵک». عەبدوڵا کوێخا موبارەک پارتی و یەکێتی تۆمەتبار دەکات کە ئاسایش و دەزگا ئەمنییەکان بۆ ململانێ و تەسفیەی ئەندام و لایەنگری یەکتر بەکار دەهێنن. سەبارەت بە گەندەڵی و دۆخی ئابوری باسی بازگەکان و سەرانە و بەرتیل و کۆمپانیای سێبەر و شەریکی حزب و دزی بەرپرسان دەکات.

ئەم پەیامە بۆ خەڵک نیە، بۆ دەسەڵاتدارانە لە یادی کارەساتی کیمیابارنی ھەڵەبجەدا سڵاو و درود بۆ گیانی پاکی شەھیدانی ئەو ڕووداوە جەرگ بڕە. لەم یادەدا پەیامێکمان ھەیە بۆ دەسەڵاتدارانی کورد، فەرموون ببینن نەوەکانی شەھیدانی کیمیابارن و ئەنفالکراوان و شەھیدانی بەرگری لە کوردستان لە سایەی حزب و کۆمپانیا و بەرپرسانی جەنابتانەوە توشی چی نەھامەتی و بارگرانیەک بوونە: ١.ئەو قەیران و گرفتانەی دەسەڵاتدارانی عێراق بە بیانوی بڕیاری یاسایی و چاکسازی و ڕێکخستنەوەی کاروباری ئیداری و ئابوری وڵات و بە ھاوکاری وڵاتانی نەیاری کورد بۆ بودجە و موچە خۆرانی ھەرێمی کوردستانیان دروستکردووە بە خەونی ئەوەی لە ڕێگای برسیکردن و دروستکردنی ناکۆکی ناوخۆیمانەوە حکومەتی ھەرێم ڕەوایەتی و متمانەی نەمێنێت و ئەو کیان و فیدراڵیەی کورد ھەیەتی لەسەر داوای خەڵکی خۆمان ھەڵبوەشێتەوە کە بە لای عێراقەوە ھەرێمی کوردستان دومەڵێکە لەسەر جەستەی وڵات و بەلای وڵاتانی دەوروبەر و نەیاری کوردەوە پشکۆیەکی ئاگر و پەناگەیەکە بۆ ھەڵگیرسانی شۆڕشی ڕزگاری کوردانی پارچەکانی دیکەی کوردستان، پرسی مادەی ١٤٠ و بە جینۆساید ناساندنی ھەڵەبجە و قەرەبووکردنەوەی زیان لێکەوتوان پشتگوێ خراوە. ئەمەش بەرپرسیارێتی ئێوەی دەسەڵاتداران و سەرکردایەتی کوردە یەکگرتوو و یەک ھەڵوێست بن لە بەرامبەر ئەم پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانیانەدا و ڕێگاچارەیەک بۆ ڕزگاربوون لەو قەیران و مەترسیانە بدۆزنەوە، بەڵام تائێستا ھیچتان نەکردووە و لە ھیچ پرسێکیش لە بەغدا یەک گرتوو نین. ٢.کۆمپانیا حزبیەکانتان چی زیانێک بە میللەت و داھاتی گشتی دەگەیەنن، ئاساییە کە حزب و ڕێکخراو و ھەر کۆمەڵەیەک کۆمپانیا و بازرگانی تایبەت بە خۆی ھەبێت بۆ بژێوی سەرکردایەتی و ئەندامەکانی، بە جۆرێک لە سنوری یاسایی و ئەخلاقی کارکردن دەرنەچێت و زیادەڕەوی نەکات، بەڵام ئەوەی نائاسایی و گەندەڵیە ئەوەیە کۆمپانیاکانی ئێوە دەستیانگرتووە بەسەر بڕیاری حکومەت و کەرتی گشتی و کەرتی تایبەتدا و ھیچی وایان نەھێشتۆتەوە بۆ کاروکەسابەتی خەڵک و بازرگانیکردنی ئازاد و بژێوی تاک. ٣.بەرپرسان لە حکومەت و حزبدا لە داھاتی حزب و کۆمپانیاکانی حزب ھیچیان پێنادرێت و ھەر بۆیان نیە داوای ھیچیش بکەن، لە بەرامبەردا کەوتوونەتە گیانی خەڵک و بوونە بە بارگرانیەکی تر و گیرفان بڕێکی عەجیبن، دەست دەبەن بۆ ھەموو جۆرە سەرانە و دزیەک، بە نمونە بەرپرسانی سەربازی دزی لە موچە و نەسریە و ئازوقەی پێشمەرگە دەکەن، بەرپرسانی ئەمنی بەرتیل لە سەرپێچی کاران وەردەگرن و چاوپۆشی لە سەرپێچیەکانیان دەکەن و لە بازگەکان بە بیانوی جۆراجۆر و سۆنەر و گومرگ و نازانم چی و چی سەرانە لە ھاوڵاتیان و کاسبکاران دەسێنن، بەرپرسانی حزبی لە لق و مەڵبەن و کۆمیتە و ناوچەکان دزی لە نەسریەی ئەندامانی حزب دەکەن، لە دامودەزگا حکومیەکان مامەڵەی بازرگان و کاسبکاران ڕایی ناکەن ئەگەر شیرینی و پشکیان پێنەدرێت. ٤.کۆمپانیا و سەرمایەدارانی شەریک و سێبەری حزب، ئەمانە ھەرچی ھاوردە و پرۆژە و خزمەتگوزاری ئەم ھەرێمە ھەیە وێران و سەقەتیانکردووە بەوەی کە ئەبێت بەشێکی باش قازانجی بێ مایە بدەن بە حزب و بەرپرسان، بۆیە کوالیتی کاڵا و پرۆژەکان دادەبەزێنن بۆ ئاستێکی نزم و خەراپ تا ئەو بڕە پارەیەی لێ پاشەکەوت بکەن کە ئەبێت بیدەن بە حزب و بەرپرسانی شەریکیان، لە بەرامبەردا ھیچ ڕەقابەیەکیان لەسەر نیە بە ھەر کەموکورتیەک کارەکانیان بەڕێ بکەن. لە کۆتایدا دەپرسین سەرۆک و سەرکردایەتی و دەسەڵاتدارانی کورد لە ھەرێمی کوردستان، ئێوە چارەسەری غەدر و قەیرانی عێراق دژی ھەرێمتان پێنەکرێت، ئێوە بەرپرسیارن لەوەی کۆمپانیا حزبیەکانتان گەندەڵی نەکەن، بەڵام ئەیکەن و زیانی زۆر بە داھاتی گشتی دەگەیەنن، ئێوە ئەبێت جەڵەوی بەرپرسانتان بکەن کە گیرفانی خەڵک و ئەندامانی خۆتان نەبڕن، بەڵام ئەیبڕن، ئێوە ئەبێت ڕێگا نەدن سەرمایەداران زیان بە تەندروستی خەڵک و پرۆژە و خزمەتگوزاریەکانی ھەرێم بگەیەنن، بەڵام دەیگەیەنن، ئێوە ئەبێت ئەمن و ئاسایشی ھاوڵاتیان بپارێزن، بەڵام نایپارێزن و ئاسایش و دەزگا ئەمنیەکان بۆ ململانێی یەکتر و تەسفیەی ئەندام و لایەنگرانی یەکتر کە ھاوڵاتی ھەرێمەکەتانە بەکار دەھێنن، ئێوە نەتوانن یەک ئیدارە و یەک حکومەت و یەک دادگا و یەک ھێز دروست بکەن لە ھەرێمێکی چوار پارێزگایدا، ئەی میللەت چی دڵێکی پێتان خۆش بێت؟ چۆن متمانەتان پێبکات؟ مێژوو چۆن ڕێزتان بگرێت؟ نەوەکانتان چۆن بتوانن شانازیتان پێوە بکە؟. تکایە ھەم بە خۆدا چوونەوە، ھەم ڕێگری لەو ھەموو غەدر و گەندەڵیە تا ئەوەی ھەیە لە دەس نەچووە.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color