قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی یانەی سلێمانی کرد و ڕایگەیاند، یانەی وەرزشی سلێمانی یانەی دایكە و دەبێت شوێن و پێگەی خۆی بۆ بگەڕێتەوە. یانەی سلێمانی بەهۆی خراپی ئاستی وەرزشییەوە بەشداری لە هیچ خولێکی وەرزشی کاریگەر ناکات لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان. یانەکە لە لایەن سەرکەوت حەسەن ناسراو بەسەرکەوتی کوبە سەرۆکایەتی دەکرێت و ساڵی ٢٠١٧ یاریگای یانەکە لە لایەن شاسوار عەبدولواحیدەوە نۆژەنکرایەوە و کرایە سەرۆکی فەخری یانەی وەرزشی سلێمانی. قوباد تاڵەبانی دوای سەردانیکردنی یانەکە ئەوەی خستەڕوو کە دەستەی ئیداری یانەکە ئەویان وەک سەرۆکی فەخری یانەی سلێمانی دەست نیشانکردووەو ئەویش بڕیاریداوە لە ماوەیەكی كورتدا پلانێكی تۆكمە بۆ پێنج ساڵی داهاتووی یانەكە ئامادەبكرێت تا یانەی سلێمانی بگەیەنرێتە ئەو ئاستەی كە شایستەی ناوبانگی سلێمانییە. بەپێی زانیارییەکان، هۆکاری گرنگیدانی قوباد تاڵەبانی بە یانەی وەرزشی سلێمانی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لاهور شێخ جەنگی سەرۆکایەتی یانەی وەرزشی نەورۆز دەکات و یانەکە هاندەرێکی زۆری هەیە لە سلێمانی و خودی لاهور شێخ جەنگیش بەردەوام لە نێو هاندەرانی یانەکەدایە. لەسەر ئاستی کوردستانیش یەکێتی هیچ یانەیەکی وەرزشی نییە کە بەشداری لە خولی یانە پلە یەکەکانی عێراق بکات.