گرنگ

عومەر گوڵپی: ناكرێت تەنها دەوڵەمەندەكان سوود لە كارەبای 24 كاتژمێری وەربگرن

2025-03-19

 

كاندیدی سەركەوتو بۆ پەرلەمانی كوردستان ئاماژە بەوەدەكات لە هەرێمی كوردستان، كارەبا لە خوێنی خۆمان بەرهەم دێت، نابێت بە نرخی "بازرگانی" پێمان بفرۆشنەوە، جەختیشدەكاتەوە كە زیاتر لە 90%ی كارەبای كوردستان لە غازی (كۆرمۆر)ی چەمچەماڵ و (خورمەڵە)ی هەولێر بەرهەمدێت. عومەر گوڵپی،كاندیدی سەركەوتوو بۆ پەرلەمانی كوردستان لە كۆمەڵی دادگەری لە هەژماری تایبەتی خۆی بڵاویكردەوە، كۆمپانیای دانەغاز لە بەرنامەیدایە بەرهەمی غازی چەمچەماڵ پەرەپێبدات و بگەیەنێتە دو هێندە، توانای وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەباش لە ئێستادا دو هێندەیەو تەنها غازی پێویستیان بۆ دابین بكرێت، دەتوانن دو هێندە كارەبا دابین بكەن. ئاماژەی بەوەشكرد، لە ئێستادا لە تەواوی وێستگەكاندا توانای بەرهەمهێنانی كارەبا نزیك بووتەوە لە 3900 مێگاوات، لە كاتێكدا خواست لەسەر كارەبا نزیكەی 7000 مێگاواتە، بەڵام 900 مێگاواتی دەفرۆشن بە وەزارەتی كارەبای عێراق. عومەر گوڵپی ئەوەشی وتووە، پێویستە وەزارەتی كارەبا پابەندی دابینكردنی كارەبا بێت بۆ هاووڵاتیان بەو نرخانەی ئێستا كە بە 18 دینار بۆ كیلۆ واتێك دەستپێدەكەن، ئەوەش لەبەر یەك هۆكاری سادە، ئەویش ئەوەیە، هەمو خێزانێك مافی بەكارهێنانی كارەبای هەیە بۆ پێویستییەكانی ڕۆژانە، نەوەك تەنها دەوڵەمەندەكان و بەرپرسان. ئەو وتانەی عومەر گوڵپی لەكاتێكدایە كە كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند، "ئەو پارەیەی بۆ پڕۆژەی ڕوناكی بۆ هاوڵاتییان دێتەوە، كەمترە لەو پارەیەی ئێستا دەیدەنە هەردو كارەبای موەلیدە و نیشتمانی.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color