لاهور شێخ جەنگی رایگەیاند؛ ئاستی وەرزشی نەورۆز و یاریگا نوێیەکەی رۆحی وەرزشییان لە شاری سلێمانی زیندوو کردۆتەوە و کەرتی وەرزشیان بووژاندۆتەوە، جێی خۆیەتی هەموومان پاڵپشتی ئەم یانە ئاست بەرز و پێشکەوتووە بکەین. ، ئەو راگەیاندنەی لاهور شێخ جەنگی لەمیانی کردنەوەی بەربانگی ئێوارەی ئەمرۆ بوو لەگەڵ سەرپەرشتیار و راهێنەر و دەستەی کارگێڕیی و یاریزانانی یانەی نەورۆز و ژمارەیەک لە کەسایەتی دیاری وەرزشی و هونەرمەندی شاری سلێمانی. لاهور شێخ جەنگی ستایشی یانەی نەورۆزی کرد و رایگەیاند؛ سەرکەوتنەکانی یانەکە مێژوویەکی پرشنگداری تۆمارکردوە کە بووەتە جێگەی خۆشحاڵی هەمووان، دیمەنە جوان و پڕ لە هاندەرە سەرسەختەکانی یاریگای نێودەوڵەتی نەورۆزیش لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان دەنگی داوەتەوە و بۆ سلێمانی و خەڵکە خۆشەویستەکەی جێگەی خۆشحاڵییە . لاهور شێخ جەنگی هەوڵەکانی یانەی نەورۆزی بەرز نرخاند و داوای لە یاریزانەکان کرد خۆیان زیاتر ماندوو بکەن و باشتر خۆیان ئامادەبکەن بۆ یارییەکانی داهاتوو تا نازناو و پاڵەوانیەتی بۆ نەورۆز و سلێمانی تۆمار بکەن، وەک سەرۆکی یانەکەش پشتگیری و پشتتوانی خۆی بۆ دووپاتکردنەوە لە پێناو سەرکەوتنی نەورۆز و خزمەتکردنی کەرتی وەرزش لە شاری سلێمانی.