گرنگ

رێكخراوێكی كەمئەندامان لە سلێمانی: هاوكارییەكانی مانگی رەمەزان لەكۆی 16 رێكخراو، تەنها دەدرێتە 7 رێكخراو

2025-03-22

 

دابەشكردنی سەبەتەی خۆراك بۆ خێزانەكانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە مانگی رەمەزاندا لە شاری سلێمانی، نیگەرانی بەشێك لە رێكخراوەكانی كەمئەندامانی لێكەوتۆتەوە و بەرپرسی رێكخراوێكیان دەڵێت، هاوكارییەكان لە كۆی 16 رێكخراو، دەدرێتە تەنها 7 رێكخراو، بەڵام بەرپرسی نووسینگەی وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی دەڵێت، رێكخراوەكان لەناو خۆیاندا هەماهەنگ نین. لە یەكەم رۆژی مانگی رەمەزانی پیرۆزەوە، چەند سەرمایەدارێكی شاری سلێمانی لەڕێگەی رێكخراوەكان و نوێنەری وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، هەموو رۆژانێكی شەممان، هاوكاری سەبەتەی خۆراكیان پێكەشی چەند هەزار كەمئەندامێك كرد، رێكخراوەكانیش بەسەر خێزانەكاندا دابەشیان كرد. بەڵام دابەشكردنی هاوكارییەكانی رۆژی شەممە 22ی ئازار كە هاوكاری كۆمپانیایەك بوو، بووە هۆی تەقینەوەی دەنگی ناڕەزایی بەشێك لە رێكخراوەكان، بەو پێیەی لەدابەشكردنی هاوكارییەكاندا جیاوازی لەنێوان رێكخراوەكاندا كراوە. فوئاد كەریم، رێكخراوی هیوای كەمئەندامان كە رێكخراوەكەین لە هاوكاری 3 كۆمپانیا بێبەشكراوە بە بواری راگەیاند "لە شاری سلێمانی سەرمایەداری باش هەیە، بەڵام لەلایەن كۆمەڵێك كەسەوە هاوكارییەكان قۆرخ دەكرێن و لە كۆی 16 رێكخراو، هاوكارییەكان بە 7 رێكخراو دەدرێن، واتە ئەگەر كەسێك لە كۆمپانیاكان نەناسیت هیچ شتێكت بۆ ناكرێت، دەبێت ئیدارەی سلێمانی هەموو رێكخراوەكان لە ژێر چەترێكدا كۆبكاتەوە و هاوكاری رێكخراوەكان بكەن". ناوبراو روونیكردەە "ئێمە 12 ساڵە لە فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومییەكان مۆڵەتمان هەیە، بەڵام بەداخەوە لەلایەن هەندێك رێكخراوەوە پێمان دەوترێت رێكخراوی لاكۆڵان، دەمەوێت لە سەرۆكی حكومەت بپرسم ئایا لە فەرمانگەی رێكخراوەكانەوە چۆن مۆڵەت بەو رێكخراوە لاكۆڵانانە دراون؟، ئێمە لەناو خۆشماندا ناكۆكی هەیە، بۆ نموونە ئێمە خاوەنی 450 خێزانین، بەڵام لەو پاكێجانەی بە رێكخراوەكان دراون لە 3 كۆمپانیا بێبەشكراین كە هەمووس ساڵێك بەشی خۆمان هەبووە". سەبارەت بەوەی بێبەشكردنی ئەو رێكخراوانە خەتای كێیە؟، فوئاد كەریم روونیكردەوە "خەتای ئەو پاشەگەردانییەیە كە لە سلێمانی روودەدات و پارێزگاری سلێمانی لێیان بە جواب نایەت"، دەربارەی ئەوەش كە ئایا لە پارێزگای سلێمانییەوە نووسراو بۆ هاوكاریكردنی ئەو رێكخراوانە دەدرێتە وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی؟، ناوبراو وتی "نەخێر، خۆمان نووسراو بۆ سەرمایەدارەكان دەكەین، بەڵام ئەمساڵ رێكخراوەكان خۆیان كردوویانە"، هەر سەبارەت بەوەی كەواتە لەو بێبەشكردنە، بۆچی خەتای پارێزگاری سلێمانی دەگرن؟، فوئاد وتی "پارێزگار باوك و بەرپرسی ئەم شارەیە و دەبێت بزانێت چی روودەدات". لە بەرامبەردا بێستون شەهید جەبار، نوێنەری وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێم كە ئاگاداری دابەشكردنی سەرجەم هاوكارییەكانە بە بواری راگەیاند "ئێمە كێشەیەكمان هەیە ئەویش رێكخراوەكانی كەمئەندامان لەناو خۆیاندا هەماهەنگییان نییە، دەبێت رێكخراوەكان سەنتەر بن و هەماهەنگی بكەن تا زۆرترین خاوەن پێداویستی تایبەت سوودمەند بن، هەمیشە داوام لێكردوون واز لە باكگراوندی حیزبی و ناوچەگەریی بهێنن و ئامانجیان خزمەتكردنی كەمئەندامان بێت".

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color