بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا عەمید ئاسۆ محەمەد، بەڕێوەبەری هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی بگۆڕدرێت و کاندیدێکی یەکێتی شوێنەکەی بگرێتەوە، دەنگۆی گۆڕینی د.هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانیش لەئارادایە. بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ بوار، بڕیار وایە لەداهاتوویەکی نزیکدا گۆڕانکاری لە پۆستی عەمید ئاسۆ محەمەد، بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی بکرێت، هەرچەندە ئەو پۆستە پشکی بزووتنەوەی گۆڕانە، بەڵام یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەنیازی دانانی کاندیدێکی خۆیەتی ئەویش عەمید نەوزاد، بەڕێوەبەری پێشووتری پۆلیسی سلێمانییە. هەر بەپێی زانیارییەکانی بوار، لەنێو یەکێتیدا قسە لەسەر گۆڕینی د.هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانیش کراوە و تائێستاش بەهێزترین کاندید بۆ شوێنگرتنەوەی، ئاوات محەمەد، قایمقامی قەزای مەڵبەندی سلێمانییە کە یەکێتییە. جێی ئاماژەیە د.هەڤاڵ ئەبوبەکر مانگی ١٢ی ساڵی ٢٠١٧ لە پشکی گۆڕان ئەو پۆستەی وەرگرت، بەڵام دوای دروستبوونی کێشە ناوخۆییەکانی گۆڕان لە مانگی ٩ی ساڵی رابردوو لە کاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، د.هەڤاڵ ئەبوبەکریش "بێلایەن"بوونی خۆی راگەیاند و لە پۆستەکەیدا مایەوە.