ژنە بەرپرسێكی پێشووی كەركووك بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل و دەستكاریكردنی تۆمارەكانی باج، بە 10 ساڵ بەندكردن سزادرا، دەستیش بەسەر سامانەكەیدا گیرا دەستەی دەستپاكیی عێراق لە راگەیێنراوێكدا بلاویكردەوە كە، (هەنا عەبدولكەریم حەسەن بەیاتی، بەرپرسی پێشووی زەویوزاری فەرمانگەی باجی یەكی كەركووك، لەلایەن دادگای تاوانەكانی شارەكەوە سزا درا، ئەو ژنە لەسەر دوو دۆسیەی جیاواز بەبێ ئامادەبوونی خۆی، بە 10 ساڵ بەندكردن و پێبژاردن سزادراوە. ئاماژە بەوەشكراوە، یەكێك لە دۆسیەكان تایبەت بووە بە وەرگرتنی بەرتیل بۆ راییكردنی مامەڵەی باج بەشێوەیەكی نایاسایی، كە بەهۆیەوە بە 6 ساڵ بەندكردن و پێبژاردن سزادراوە، هاوكات دۆسیەی دووەم تایبەت بووە بە دەستكاریكردنی مامەڵەی پارەی باجی تایبەت بە یەكێك لە موڵكەكان بەمەبەستی كەمكردنەوەی بەشێوەیەكی نایاسایی، بەهۆیەوە بە چوار ساڵ بەندكردن سزا دراوە. لە ڕاگەیەندراوەكەی دەستەی دەستپاكیی عێراق ئەوەشهاتووە كە ، ئەو سزادراوەی بە "هەڵاتوو" ناوبردووە، بەڵام جگە لە سزای بەندكردن، بڕیاریداوە رێگە لە گەشتكردنی بگیرێت و دەستیش بەسەر موڵك و ماڵی گواستراوە و نەگواستراوەیدا بگرێت.