وتەبێژی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان جەخت دەكاتەوە كە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی عێراقەوە، هیچ سوودێكی بۆ خەڵكی كوردستان نابێت. د.فەرهاد تۆفیق، وتەبێژی پارتی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان بە بواری راگەیاند "دیارە پێشتر فرۆشتنی نەوت لەلایەن كوردستانەوە ئامانجی ئەوە بوو كوردستان ببێتە خاوەنی ئابوری سەربەخۆ و پێگەیەكی بەهێزی هەبێت تا بتوانێت مامەڵەی پێوە بكات و لە نەخشەی وزەی نوێی جیهاندا پێگەی خۆی هەبێت، بەڵام كاتێك فرۆشتنی نەوت لە دەسەڵاتی حكومەتی عێراق بێت، نە ئامانجەكەی خۆت دەپێكیت و نە سوودیشی بۆ كورد هەیە". ناوبراو روونیكردەوە "بەپێی دەستور و یاسا و رێككەوتنی حكومەتی عێراق و هەرێم، ئێستا حكومەتی عێراق مووچە و بودجەی هەرێم دابین دەكات، بۆیە هەر حكومەتی عێراق و كۆمپانیاكانی بەشدار لە دەرهێنان و هەناردەی نەوت سوودی لێ دەبینن، بۆیە باشتر وایە ئەو نەوتە هەڵبگیرێت تا ئەو كاتەی كورد خۆی دەتوانێت هەناردەی بكاتەوە". سەبارەت بەوەی كاتێك نەوت هەناردە بكرێتەوە، حكومەتی عێراق مووچە دەنێرێت و سوودی زیاتری بۆ خەڵكی كوردستان دەبێت، د.فەرهاد وتی "چەند ساڵە نەوتیش هەناردە ناكرێت و حكومەتی عێراق مووچە دەنێرێت ، ئەمە خواستێكی هەرێم بووە و لە بەرامبەریشدا حكومەتی عێراق كە ئەو مووچەیەی داوە وەك دەستكەوت بە هەرێمی دەفرۆشێتەوە، بەداخەوە لە كوردستانیش شاگەشكەییەك هەیە كە نەوتی هەرێم بەغدا دەیفرۆشێتەوە".