د.هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی رایدەگەیەنێت، پێشنیاریان كردووە لایەنە سیاسییەكان لەسەر كەسێكی دیكە ریكبكەون بۆ ئەوەی بتوانێت بەشێوەیەكی یاسایی ئاڵوگۆڕی پۆستەكەی لەگەڵدا بكات و دەڵێت "ئێمە بە بەردەوامی ئامادەین بۆ جێهێشتنی پۆستەكەمان". دوێنێ بوار بڵاویكردەوە كە یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەنیازە گۆڕانكاری لە پۆستی پارێزگاری سلێمانیدا بكات و كاندیدێكی خۆی بۆ ئوو پۆستە دەستنیشان بكات، لەو بارەیەوە د.هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی بە بواری راگەیاند "تائێستا هیچ شتێك بە ئێمە نەوتراوە بۆ گۆڕانكاری لە پۆستەكەم". ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد "بەڵام ئێمە لە رابردوو و بەئێستاشەوە جەختمان كردۆتەوە كە هەر كەسێك بە هەڵبژاردن یان بێ هەڵبژاردنیش پۆستێكی كارگێڕی وەرگرتبێت بۆ چوار ساڵ بێت، راستە یاساكەی ئێمە رێگەمان پێدەدات كە هەر كاتێك بە هەڵبژاردن كەسێكی دیكە كرایە پارێزگار ئەو كاتە ئاڵوگۆڕی لەگەڵدا بكەین". د.هەڤاڵ ئەبوبەكر وتیشی "بەڵام لەساڵی 2014ەوە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان نەكراوە، بۆیە ئێمە خۆمان پێشنیارمان كردووە لایەنە سیاسییەكان لەسەر كەسێكی دیكە ریكبكەون بۆ ئەوەی ئێمەش بتوانێت بەشێوەیەكی یاسایی ئاڵوگۆڕی لەگەڵدا بكەین، بۆیە ئێمە بە بەردەوامی ئامادەین بۆ جێهێشتنی پۆستەكەمان". د.هەڤاڵ ئەبوبەكر لە پشكی گۆڕان لە مانگی 12ی 2017ەوە پارێزگاری سلێمانییە، بەڵام دوای دروستبوونی كێشە ناوخۆییەكانی گۆڕان و دوولەتبوونیان لە مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوو، د.هەڤاڵیش "بێلایەنبوون"ی خۆی راگەیاند.