لقی سلێمانی بانکی ناوەندی هەرێم، ماوەی چەند ساڵێکە ڕۆڵی وەزارەتی دارایی لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین دەبینێت و خەرجکردنی پارەو پێشینەی پڕۆژەکان و هەموو ئەو نوسراوانەی ڕەزامەندی دارایی سەرۆکی حکومەت و وەزیری داراییان هەیە و تایبەتن بەو ناوچانە دەچێتە بەردەم بەڕێوەبەری بانکەکە و لەو بانکەوە بڕیاری کۆتایی لەسەر دەدرێت. کێشەکانی وەزارەتی دارایی لەگەڵ بەڕێوەبەری ئەو بانکە بەجۆرێک بوو، وەزیری دارایی لە مانگی شوباتی ساڵی ۲۰۲۲ بە فەرمانێک عەبدولڕەحمان ساڵح ڕەشید بەڕێوەبەری ئەو کاتی بانکەکەی دوور خستەوە، بەڵام یەکێتی بەجۆرێک تەحەدای وەزیری دارایی کرد بەڕێوەبەری بانکەکە بەردەوام بوو لە کارەکەی و ڕۆژێک دوای لادانی بەچەپکە گوڵ لەلایەن کارمەندانی بانکەکەوە پێشوازی لێکراو دواتر سەردانی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی کرد. ئەم دۆخە بەردەوام بوو تا لە تەممووزی هەمان ساڵ دکتۆر ماکوان مەجید وەک بەڕێوەبەری بانکەکە دانرا. بانکی ناوەندی هەرێم لقی سلێمانی جگە لەوەی پارەی مووچەی لە هەولێرەوە بە سێ یان چوار گوژمەی بۆ دەهات. هەروەها ڕۆژانە سەرجەم داهاتی نانەوتی شەش گەنجینەی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەیی بۆ دەگەڕێتەوە و لەو بانکەوە تەمویلی مووچە بۆ هەموو بانکەکانی تر دەکرێت. پارەی پێشینە بەردەوامەکانی پاککردنەوەی خۆڵ و خاشاک و شارەوانییەکان و نەخۆسخانەکان و نەسریەی فەرمانگەکان و سەرجەم پڕۆژەکانی زۆنی سەوز خەرج دەکرێت. لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوو ناوی دکتۆر ماکوان ئەوەندە ئاشنایە بە فەرمانگەو بەڵێندەرەکانی سنوری سلێمانی واژۆو ڕەزامەندی ئەو بۆ خەرجکردنی پارەی هەر پڕۆژەیەک بڕیاری خەرجکردنی کۆتاییە و سەدان نمونە هەن کە سەرۆکی حکومەت و وەزارەتی دارایی بڕیاری تەرخان کردن و خەرجکردنی پارەیان داوە، بەڵام ئیدارەی سلێمانی و دواجار دکتۆر ماکوان ڕەزامەندی لەسەر نەداوە. دوو ئیدارەی دارایی نێوان هەولێر و سلێمانی، ئۆتۆماتیکی دکتۆر ماکوان جەمیلی کردبوو بەوەزیری دارایی ئەمری واقیعی سلێمانی و بەرپرسانی وەزارەتی دارایی هەرێم لەمە نیگەران بوون كە بەبێ گەڕانەوە بۆ هەولێر، ئیدارەی پارە و چۆنیەتی خەرجکردنی لە سلێمانیەوە دەدرا. ڕۆژی ۱٨ی ئەم مانگە وەزیری دارایی لە سەردانی بۆ سلێمانی لەگەڵ بەڕێوەبەری گەنجینەکانی یەک و دووی سلێمانی و هەڵەبجەو ڕاپەڕین و گەرمیان و چەمچەماڵ کۆبووەوە. دواتر لەگەڵ بەڕێوەبەری بانکەکانی سنوری سلێمانی کۆبووەوە بڕیاری دەستکاری نەکردنی پارەی خەڵک و کۆمپانیاکانی لە بانکەکان پێ ڕاگەیاندن و بڕیاریدا خەرجکردنی پێشینەو پارەی بەڵێندەران وەک خۆی بێت و ڕاگرتنی خەرجکردن و دروست کردنی کێشە بۆیان بە سەرپێچی ئەژمار دەکرێت.