گرنگ

یەكێتی بەشێنەیی ژمارەیەك پۆستی حكومی گرنگ لە گۆڕان وەردەگرێتەوە

2025-03-25

 

یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەشێوەیەكی "لەسەرخۆ" دەستی كردووە بە وەرگرتنەوەی ژمارەیەك پۆستی حكومی لە سنوری پارێزگای سلێمانی لە بزووتنەوەی گۆڕان. بەپێی دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان كە لە مانگی 4ی 2014دا بەڕێوەچوو، بزووتنەوەی گۆڕان 12 كورسی و یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش 11 كورسی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییان بەدەستهێنا، لەسەر ئەو بنەمایەش هەردوو حیزب پۆستەكانی سنوری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕینیان وەك پارێزگار و جێگیرەكانیان و قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە و بەڕێوەبەرە گشتییەكانیان دابەشكرد. لە تازەترین گۆڕانكاریدا بەپێی زانیارییەكانی بوار، بڕیارە لەم هەفتەیەدا عەمید ئاسۆ محەمەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی سلێمانی لە پشكی بزووتنەوەی گۆڕان بگۆڕدرێت و لە شوێنیدا عەمید نەوزاد بەڕێوەبەری پێشووتری پۆلیسی سلێمانی لە پشكی یەكێتی دابنرێت. هەروەها هەر بەپێی زانیارییەكانی بوار، دەنگۆی گۆڕینی د.هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانیش لە ئارادایە و یەكێتی بەنیازە بۆ ئەو پۆستەش ئاوات محەمەد، قایمقامی مەڵبەندی سلێمانی بخاتە شوێنی، هەرچەندە ئەوەش لەكاتێكدایە كە د.هەڤاڵ لەسەر پشكی گۆڕان ئەو پۆستەی وەرگرت، بەڵام دوای دروستبوونی كێشە ناوخۆییەكانی گۆڕان و دوولەتبوونیان لە مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوو، د.هەڤاڵیش "بێلایەنبوون"ی خۆی راگەیاند. لە پارێزگای هەڵەبجەش بەپێی رێككەوتنی یەكێتی و گۆڕان، سەرەتا عەبدوڵا نەورۆڵی لە پشكی گۆڕان بووە پارێزگای هەڵەبجە، دواتر بەهۆی گۆڕانكاری لەڕێككەوتنەكان عەلی عوسمان لە پشكی یەكێتی چووە شوێنی، بەڵام دواتر گۆڕان وازی لەو پۆستەش هێنا و لە شوێنی عەلی عوسمان، ئازاد تۆفیق، بووە پارێزگار كە ئەویش دوو جێگری هەبوو (شاهین حەمەڕەزا لە گۆڕان و كاوە عەلی لە یەكگرتووی ئیسلامی) ساڵی رابردوو كاوە عەلی بووە پەرلەمانتار، ئەمساڵیش ئازاد تۆفیق و شاهین حەمەڕەزاش خانەنشین بوون، بۆیە سەرەنجام هەفتەی رابردوو نوخشە ناسیح، لە پشكی یەكێتی بووە پارێزگار بە وەكالەت. لە سنوری ئیدارەی گەرمیانیش، بەهۆی خانەنشینبوونی شەهاب ئەحمەد، قایمقامی كەلارەوە لە پشكی گۆڕان كە دوو یاریدەدەری هەبوو (یەكێتی و گۆڕان)، هەرچەندە دەبوو یاریدەدەرە گۆڕانەكەی بخرێتە شوێنی، بەڵام یاریدەدەرە یەكێتییەكەی بۆتە قایمقام. هەروەها مانگی ئەیلولی ساڵی رابردووش دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لە پشكی گۆڕان دەستی لە پۆستەكەی كێشایەوە، ناوبراو دوو یاریدەدەری هەبوو كە هەردووكیان یەكێتی بوون (عومەر محەمەد ئەمین و نەژاد عەبدوڵا)، سەرەنجام عومەر محەمەد كارەكانی دڵشاد عومەری رایی دەكرد، لە مانگی 1 ئەمساڵ بەهۆی خانەنشیبنبوونی عومەر محەمەدیشەوە، ئێستا نەژاد عەبدوڵا، كارەكانی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بەڕێوە دەبات. لە سەرەتای ئەمساڵدا بوار، بڵاویكردەوە كە یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەنیازە زۆربەی پۆستە حكومییەكانی ئەم زۆنە لە گۆڕان وەربگرێتەوە ئەویش بە دوو هۆكار، یەكێكیان لەبەرئەوەی لە هەڵبژاردنی مانگی 10ی  2024ی پەرلەمانی كوردستان 23 كورسی بەدەستهێناوە و بۆتەوە هێزی دووەمی كوردستان و هێزی یەكەمی زۆنی سلێمانی، لەكاتێكدایە بزووتنەوەی گۆڕان 1 كورسی هێناوە و بۆتە دوو باڵیش، هەروەها ساڵی 2023 بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی، ئەنجومەنی پارێزگاكان هەڵوەشاونەتەوە و یەكێتی پێیوایە ئەنجومەنەكانیش شەرعەیەتییان نەماوە.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color