دوای تێستکردنی ئاستی خواست لە هەولێر و سلێمانی لە ئێستادا وەزارەتی کارەبا سەرقاڵی تێستی ئاستی خواستی کارەبایە لە شاری دهۆک. لە ڕۆژی ۲۳ تا ۲٦ی ئەم مانگە کارەبای بەردەوام بەشاری دهۆک دەدرێت و لەم چوار ڕۆژە ئاستی خواستی کارەبا لە هەموو فیدەر و گەڕەکەکانی شارەکە دیاری دەکرێت هاوشێوەی هەولێر و سلێمانی. وەزارەتی کارەبا دەیەوێت لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕوناکی تا کۆتایی ئەمساڵ و لە ماوەی هەشت مانگی ئایندە پڕۆژەی کارەبای ۲٤ کاتژمێری لە تەواوی شارەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک جێبەجێ بکرێت و لە ساڵی ئایندە پڕۆژەکە لە قەزا و ناحیەو گوندەکان جێبەجێ بکرێت. بەپێی ئاماری دانیشتوانی هەرێم دەستەی ئاماری هەرێم لە ساڵی ۲۰۲۰ دانیشتوانی هەرسێ شاری هەولێر و سلێمانی و دهۆکی بە ٤٤ لەسەدی کۆی دانیشتوانی هەرێم داناوە. بەڵام هەرسێ شارەکە بەو پێیەی زۆرترین شوێنی بازرگانی و دامەزراوەی حکومی و ئەهلیان تێدایە نزیکەی نیوەی کارەبای هەرێم بەکار دەهێنن.