پەرلەمانتارێكی كورد لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوەدەكات، پێشوەختە كۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنەكان كردووە و بەڵێنیان لێوەرگرتوون، كە دەنگ بە پڕۆژە یاسای بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە بدەن، بۆ دەنگدانیش پێنج خولەكمان پێویستە. چرۆ حەمەشەریف، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: دەنگدان بە پڕۆژە یاسای بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە یەكەم بڕگەی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانە، ئامادەكاری باشی بۆ كراوە و چاوەڕوانین بە پێنج خولەك دەنگی لەسەر بدرێت ئاماژەی بەوشكرد، فراكسیۆنە كوردستانییەكان لەگەڵ شیعیە و سوننەی نێو پەرلەمانی عێراق پێشوەختە دانوستاندیان كردووە و ئەوانیش بەڵێنیان پێداون، پشتگیرییان بكەن و دەنگ بە پڕۆژە یاساكە بدەن. ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستووەتەڕوو، شەوی رابردوو لەتیف رەشید، سەرۆككۆماری عێراق بۆ دەنگدان بە پڕۆژە یاساكە لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان لەسەر هێڵ بووە، هاوكات خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆ كراوە و تەنیا دەنگدانی ماوە.