گرنگ

لیژنەی لێکۆڵینەوە لەسەر دەرمانخانەی سەروەران پێکهێنرا

2025-03-26

 

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم بەهاوبەشی لەگەڵ داواکاری گشتی لیژنەی لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەرمانخانەی سەروەران پێکهێنا و دەڵێن، ئەو دەرمانخانەیە پێشتریش بۆ ماوەی ٨ مانگ داخراوە. دەقی روونکردنەوەکە... ڕاگەیاندراوی بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان KMCA ... دوابەدوای بڵاوبوونەوەی چەند تۆمارێکی دەنگی خاوەن دەرمانخانەیەکی شاری هەولێر لە سۆشیاڵ میدیا کە داوا لە کارمەندەکانی دەکات چارەسەریەکان بگۆڕن و بوونی چەند بەڵگەیەکی گۆڕینی جۆر و ژەمی چارەسەر و دەرمانی نەخۆش بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕاسپاردەی پزیشکی چارەسەرکار. وەزارەتی تەندروستی پاڵپشت بە یاسای مافی نەخۆش ژمارە (1)ی ساڵی 2020 و پەیڕەوی لێکۆڵینەوە ژمارە (16)ی ساڵی 2023، بڕیاردرا بەدانانی لێژنەی لێکۆڵینەوەی هاوبەش لەگەڵ داواکاری گشتی بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو دیاردەیە و پاراستنی کاریگەری و سەلامەتی دەرمان لەسەر نەخۆش و وەرگرتنی ڕێککاری یاسایی و دادوەری بەرامبەر ئەو سەرپێچیە. لە هەمان کاتدا ڕایدەگەیەنین کە لە ساڵانی ڕابردوو هەمان دەرمانخانە بۆماوەی 8 مانگ داخرا بەهۆی سەرپێچی بوونی دەرمانی قاچاغ و نایاسایی و قەدەغەکراو و دۆسیەی لێکۆڵینەوە هەواڵەی دادگا کرا و تائێستاش دۆسیەی لێکۆڵینەوە لە دادگا بەردەوامە. بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان KMCA/ وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردەوامە و هەوڵی تەواوی داوە بۆئەوەی دەرمان و بەرهەمی دەرمانسازی و پزیشکی کاریگەر و سەلامەت و کواڵیتی بەرز بە نرخێکی گونجاو بگاتە دەستی هاوڵاتیان. لەم ڕوانگەیەوە بۆ یەکەمجار هەنگاوی ستراتیجی و بوێرانە لەبواری دەرچوونی بنەما و ڕێنماییە یاساییەکان بۆ چاکسازی دەرمان بۆ کوالیتی و کۆنتڕۆڵکردن و یەکخستن و جێگیرکردنی نرخ گیراوەتە بەر کە پێویستە سەرجەم لایەنە پەیوەندارەکان و سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان کە خاوەنی پێدانی ڕێگەپێدان و مۆڵەتی کردنەوەی دەرمانخانە و کۆگاکانن بەتەواوەتی پابەندی ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بن. هەر بۆ بەرچاوڕوونی ڕای گشتی و هاوڵاتیان، سەرەڕای نەمانی دەرمانی ساختە و قاچاغ و نافەرمی، پڕۆسەی داشکاندن و دابەزاندنی نرخی سەرجەم دەرمان و بەرهەمە دەرمانسازییەکان بە تێکرا بەرێژەی نێوان 17% تاوەکو 20% بەردەوامە، تەنها لەساڵی 2024 بە بڕی نزیکەی 239 ملیار دیناری عێراقی جیاوازی هەرزانکردنی نرخ بەبەراوردی پێشوو بۆ بڕی هاوردەکراوی دەرمان لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە کە دەرەنجام بۆ گیرفانی هاوڵاتیان گەڕاوەتەوە. کۆنتڕۆڵکردنی جۆر و جێگیرکردنی نرخ بۆ بەرهەمە دەرمانسازیەکان و بەستنەوەی بە سیستەمێکی ستیکەری ئەلیکتڕۆنی دژەساختە مایەی گەڕانەوەی متمانەی هاوڵاتیان بوو. گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی توند بەرامبەر هەر شوێنێک کە دەرمانی نافەرمی یان گرانتر لە نرخی جێگیرکراو فرۆشتووه یان دەرمان بە نرخی گوماناوی و زۆر جیاواز لە نرخی ڕەسەنی سەرچاوەیی فرۆشت بێت. بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان KMCA بە ڕەچاوکردنی بارودۆخی دارایی هاوڵاتیان، لەئێستادا بەردەوامە لە پڕۆسەی هەرزانکردنی دەرمان و جێگیرکردنی لەسەر دەرمان و خوێندنەوە و چاودێریکردنی لەلایەن هاوڵاتیان بەمەرجێک جیاوازی نرخ گونجاو بێت و گوماناوی نەبێت نەوەک بە دیاردەی گۆڕینی جۆر و ژەمەکان بەبێ ڕاوێژی پزیشکی چارەسەر لەپێناو چەواشەکردنی نەخۆش و بەرژەوەندی تایبەتی بازرگانی کە بەدڵنیایی جێگای قەبوڵکردن نابێت. هاوڵاتیانی دڵنیادەکەینەوە کەوا بەردەوام دەبین لە پڕۆسە و ڕێکارەکانی چاکسازی دەرمان و پێداچوونەوە و کەمکردنەوەی نرخ و ڕێگەگرتن لەهەر دیاردەیەکی نامۆ و نایاسایی لە هەر شوێنکی هەرێمی کوردستان بێت. بە هاوڵاتیانی خۆشەویست ڕادەگەیەنین دەتوانن پێش کڕینی دەرمان و پێداویستی پزیشکی، دڵنیاببنەوە لە بوونی ستیکەری فەرمی وەزارەتی تەندروستی و تێڕوانین لە جۆر و نرخ و کوالیتی بە خوێندنەوەی ئەلیکتڕۆنی کۆدی دەرمانەکە و بەکارهێنانی ئامێرەکانی دژەساختەی بەردەست لە دەرمانخانەکان. لەکاتی گومان و بوونی هەر دیاردەیەکی نامۆ یان نەبوونی ستیکەر و جیاوازی لە نرخی جێگیرکراو دەتوانن بە هێڵە گەرمەکانی سەر کۆدی ستیکەر پەیوەندی بە تیمەکانی چاودێری بازاڕ بکەن بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی. بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان - KMCA 26 ئازار 2025

بڵاوی بکەوە