دوای دەست لە کارکێشانەوەی دادوەر عەبدولڕەحمان زێباری ئەندامی دادگای فیدڕاڵی عێراق لە مانگی ئازاری ساڵی ڕابردوو کە یەکێک بوو لە دوو ئەندامە کوردەکەی دادگاکە و پشکی پارتی بوو دادوەرێک بۆ جێگرتنەوەو پڕکردنەوەی کورسیەکەی دەست نیشان کرا. بەپێی زانیاریەکانی بوار، دوای پشووەکانی جەژن دەسەڵاتی دادوەری عێراق ڕێکارەکانی دەست بەکاربوون بۆ دادوەر سدقی سەلیم خان زێباری دەگرێتە بەر و دەبێتە ئەندامی دادگای فیدڕاڵی کە پێکهاتووە لە نۆ ئەندامی جێگیر و دوو ئەندامیان کوردن و وەکو عورف لە دروستبوونی دادگاکەوە ئەندامێکی لە سلێمانی وەک پشکی یەکێتی و ئەندامێکی لە هەولێر و دهۆک وەک پشکی پارتی دیاری دەکرێت و حەوت ئەندامەکەی تر بەهەمان شێوە لەنێوان لایەنە شیعەو سونەکان دابەشکراون. دایاری کردنی دادوەر سدقی سەلیم خان بۆ ئەندامێتی دادگای فیدڕاڵی دوای ئەوە دێت دادوەر عەبدولڕەحمان زێباری لە ۱۲ی ئازاری ساڵی ڕابردوو دژی چەند بڕیارێکی دادگاکە سەبارەت بە دامەزراوەکانی هەرێم و یاسای هەڵبژاردن دەستی لەکار کێشایەوە. دادوەر سدقی سەلیم خان زێباری دادوەرێکی ناسراوی پارێزگای دهۆکەو پێشتر دادوەری دەستەی دەستپاکی دهۆک بووە. لە دادگاکانی پارێزگای دهۆک وەکو دادوەر و سەرۆکی دادگا لە ئەرکی جیاوازدا بووە.