بەهۆی پەشیمانبوونەوەی لەناكاوی ئێوارەی ئەمڕۆی دیوانی وەقفی سوننە كە سبەینێ یەكەم رۆژی جەژنی رەمەزانی نییە و تەواوكاری مانگی رەمەزانە، هەروەها راگەیەنراوی دەستەی زانایانی سوننەی عێراق كە رایگەیاندووە سبەینێ جەژنە و رەمەزان نییە، شاری كەركوك و ناوچە دابڕاوەكانیش بوونەتە دوو بەرە، لای كورد جەژنە، لای توركمان و عەرەبی شیعەش دوارۆژی مانگی رەمەزانە.
ئێوارەی ئەمڕۆ دوای ئەوەی وڵاتی سعودیە رایگەیاند، كە سبەینێ یەكەم رۆژی جەژنی رەمەزانە، راستەوخۆ دیوانی وەقفی سوننەی عێراقیش رایگەیاند كە سبەینێ جەژنی رەمەزانە و هەرێمی كوردستانیش پابەندبوونی خۆی بە جەژنی رەمەزان دووپاتكردەوە، بەڵام لە ناكاو دیوانی وەقفی سووننە لە بڕیارەكەی پاشگەز بووەوە و رایگەیاند، سبەینێ تەواوكاری مانگی رەمەزانە و جەژن نییە، دواتریش راستەوخۆ دەستەی زانایانی سوننەی عێراق رایگەیاند، سبەینێ یەكەم رۆژی جەژنی رەمەزانە.
ئەو دوو راگەیەنراوەوە، بووە هۆی دابەشبوونی شەقامی سووننەی عێراق، چونكە بەشێكیان كە دیوانی وەقفی سوننی نوێنەرایەتییان دەكات سبەینێیان وەك رەمەزان هێشتەوە و بەشەكەی دیكەشیان كە دەستەی زانایان نوێنەرایەتیان دەكات سبەینێیان وەك جەژن دیاریكردووە.
ئەمساڵ هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی سعودیە و توركیا سبەینێی كردە جەژن، هەروەها سبەینێ لە ناوچە كوردنشینەكانی كەركوك و ناوچە دابڕاوەكان جەژنە، هەروەها لە بەشێك لە ناوچە توركمان و عەرەبی سوننەش سبەینێ جەژنە و پابەندی بڕیارەكەی دەستەی زانایانن، بەڵام مزگەوتەكان ناتوانن پابەندی ئەو بڕیارە ببن بەو پێیەی ئیمامی مزگەوتەكان مووچەخۆری دیوانی وەقفی سوننەن، بۆیە ئێوارە سەرەتا مزگەوتەكان دەستیان بە تەگبیرات كرد بۆ سبەینێ، بەڵام دواتر رایانگرت، هەروەها بەشێكی زۆری سوننەكانیش كەركوك لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك رایانگەیاندووە كە سبەینێ جەژن دەكەن.