لە چەند رۆژی رابردوو فیلمێكی سینەمایی لە شاری هەولێر نمایش كرا بەناوی "بەرازیلە شینەكە" كە باس لە مێژووی شاری هەولێر دەكات لە نێوان ساڵانی 1991 تا 1996. لە ناوەرۆكی فیلمەكەدا باس لە كەسێك دەكرێت بەناوی تەعۆ، كە خاوەنی بەرازیلییەكی شینەو لە فیلمەكەدا وا نیشان دەدرێت كە كەسێكی مافیایەو لەماوەی ئەو چەند ساڵەدا لە هەولێر خەریكی وەرگرتنی سەرانە و كوشتنی خەڵكە. دوای نمایشكردنی فیلمەكە دەنگۆی ئەوە بڵاوكرایەوە كە ئەو كەسایەتییەی لە فیلمەكەدا وەك كەسێكی مافیا نیشاندراوە مەبەست كەسێكە بە ناوی تەحسین خۆرانی كە لەو ساڵانەدا ژیاوەو لە نێو خەڵك بە تەحسین بەستەپیازەیی ناسراوە. هەندێك لە هاوڕێكانیشی وەك كورتكراوەی ناوەكەی بە تەعۆ بانگییان كردووە. دوای نمایشكردنی بۆ ماوەی دوو هەفتە لە سینەماكانی كوردستان، كەس و كاری تەحسین بەستەپیازەیی بە تۆمەتی زڕاندنی ناوی كوڕەكەیان سكاڵای یاساییان لەسەر دەرهێنەری فیلمەكەو نوسەری سیناریۆی فیلمەكە تۆمار كرد.