حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ڕێکكەوتن و پاکتاوکردنی قەرزەکانی لەگەڵ کۆمپانیای داناگاز و نەفت هیلالی ئیماراتی ماف و ئیمتیازی دەرهێنانی غاز و نەوت لە دوو بلۆکی نوێ پێداون و جگە لە کێڵگەکانی چەمچەماڵ و کۆرمۆر هەردوو کۆمپانیا ئیماراتییەکە لە دوو کیڵگەی تر نەوت و غاز دەردەهێنن. حکومەتی هەرێم، گرێبەستی هەردوو کێڵگەی ۱۹ و ۲۰ لەگەڵ هەردوو کۆمپانیاکە کردووە. لە ڕووی جوگرافییەوە سنوری چەند کێڵگەیەک کەمکراونەتەوە و خراونەتە سەر هەردوو بلۆکی ۱۹ و ۲۰. بەپێی زانیارییەكان، بلۆکی ۱۹ لە ڕووباری ئاوەسپی لە سنوری ناحیەی سەنگاو دەست پێدەکات تا دەگاتە ناوچەی نێوان ناحیەی قادرکەرەم و سەنگاو و زۆرینەی ناوچەکانی گەرمیان دەگرێتەوە لە باشوری دەربەندیخان تا شاری کەلار و ناحیەکانی باوەنور و ڕزگاری و شێخ تەویل و باوەخۆشێن و ڕووباری سیروان سنوری جیاکەرەوەی بلۆکی ۱۹یە لەگەڵ کێڵگەی چیاسورخ. بەپێی زانیارییەكان، بلۆکی ۲۰ لە ناحیەی تەکیەی جەباری قەزای چەمچەماڵ و چیای سەڵباتوو و ناحیەی قادرکەرەم دەست پێدەکات و ناحیەی نەوجول و سنوری زینانە و قەزای کفری دەگرێتەوە. بەپێی زانیارییەكان، بۆ فراوانکردنی ڕووبەری هەردوو بلۆکەکە سنوری بلۆکە نەوتییەکانی باشوری سەنگاو و کوردەمیر و تۆپخانەو سەرقەڵا کەمکراونەتەوە. کۆمپانیای داناگاز و نەفت هیلال، گرێبەستی کارکردنیان لە هەردوو کێڵگەی کۆرمۆر و چەمچەماڵ لە سنوری قەزای چەمچەماڵ هەیە. بە ڕادەستکردنی هەردوو کێڵگەی ۱۹ و ۲۰، کۆمپانیا ئیماراتییەکان ماف و ئیمتیازی نەوت و غازی زۆرینەی ناوچەکانی گەرمیانیان دەبێت بەجۆرێک سنوری کارکردنیان لە ڕووباری سیروانەوە دەگاتە زێی بچوک.