وەزارەتی پەروەردەی عێراق رایگەیاند، سەرۆك وەزیرانی عێراق رەزامەندی دەربڕیوە بە تەرخانكردنی پارچە زەوی بۆ سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە.
ئەمڕۆ دووشەممە وەزارەتی پەروەردەی عێراق راگەیەندراوێكی بڵاوكردووەتەوە و تێیدا هاتووە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر تەرخانكردنی پارچە زەوی نیشتەجێبوون بۆ سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە هاوكات دابینكردنی خزمەتگوزاری بۆیان.
ئاماژە بەوەشكراوە، بڕیاری تەرخانكردنی زەوی لە میانی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی هەماهەنگیدا هاتووە كە بەڕێوەچوو، بە سەرۆكایەتی سەرۆك وەزیرانی عێراق و بە ئامادەبوونی وەزیری پەروەردەی عێراق و ژمارەیەك وەزارەت و پارێزگاری پەیوەندیداری دیكە.
لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختیشی لەوە كردەوە، هەوڵی بەرفراوانی لەگەڵ یەكێتی مامۆستایان داوە بۆ پشتگیریكردن لە مافە رەواكانی مامۆستایان و دەستەبەركردنی ژینگەیەكی گونجاوی نیشتەجێبوون كە لەگەڵ پێگەی مامۆستایانی عێراقی بگونجێت.