بوار،تایبەت راوێژكارێكی سەرۆكوەزیرانی عێراق لەبارەی مووچەوە دڵنیایی دەدات و رایدەگەیێنێت، مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان لە بودجەی 2025دا دابینكراوە و هیچ مەترسیی لەسەر نییە مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژكاری دارایی و ئابووری سەرۆكوەزیرانی عێراق، رایگەیاند: مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان و چاودێریی كۆمەڵایەتی لە چوارچێوەی بودجەی 2025دا بە تەواوی دابینكراوە و هیچ مەترسییەكی لەسەر نییە، تەنانەت دوای دابەزینی نرخی نەوتیش. ئاماژەی بەوەشكردووە، حكومەت كاردەكات بۆ پاراستنی مووچەی مانگانە و بە هیچ شێوەیەك دەستكاری ناكرێت، هاوكات عێراق لە ساڵانی رابردوودا بە قەیرانگەلێكی زۆردا تێپەڕیوە، كە نرخی نەوت زیاتر لە ئێستا دابەزیوە، بەڵام توانیویەتی مووچە دابین بكات، چونكە مووچە یەكێكە لە بنەما سەرەكییەكانی كاركردنی حكومەت. وتەكانی ئەو ڕاوێژكارەی سودانی لە كاتێكدایە كە نزیكەی 90٪ی داهاتی عێراق لەسەر نەوتە و ئێستا بەرمیلێك نەوتی برێنت بە نزیكەی 64 دۆلار مامەڵەی پێوەدەكرێت، هاوكات نەوتی قورسی بەسرە بە حەوت دۆلار و سووكەكەشی بە پێنج دۆلار كەمتر مامەڵەیان پێودەكرێت.