24 بوار، تایبەت وتەبێژی یەكێتی خانەنشینانی كوردستان ئاماژە بەوەدەكات ماوەی چوار مانگە لە كۆی 25 هەزار خانەنشین، تەنها مامەڵەی نزیكەی هەزار خانەنشین تەواو كراوە، و 24 هەزار خانەنشین لە دۆخێكی سەختی ژیاندان. سادق شێخ عوسمان، وتەبێژی یەكێتی خانەنشینانی كوردستان ڕایگەیاند، بە پێی یاسای خانەنشینیی عێراق، ئەمساڵ لە دایكبووانی ساڵەكانی 1962، 1963 و 1964 لە هەرێمی كوردستان كە ژمارەیان لە 25 هەزار كەس زیاترە، خانەنشین بوون، بەڵام تا ئێستا تەنها مامەڵەی نزیكەی هەزار خانەنشین لە هەر چوار پارێزگای هەرێمی كوردستان تەواو كراون و مووچەی سێ مانگیان وەرگرتووە. ئاماژەی بەوەشكرد، زیاتر لە 24 هەزار خانەنشنینیش، لەبەر ئەوەی مامەڵەكانیان تەواو نەكراون، لە مانگی 11ـی ساڵی ڕابردووەوە، مووچەیان وەرنەگرتووە، ئەمەش گوزەرانیان زۆر خراپ كردووە و تووشی چەندان كێشە بوون، ئەوەش بەهۆی لە لایەك ڕۆتیناتی وەزارەتەكان و لەلایەكی دیكەش، دەبێت مامەڵەی خانەنشینبوونی فەرمانبەرانی هەر چوار پارێزگای هەرێمی كوردستان ببرێنە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشیی لە هەولێر. وتەبێژەكەی یەكێتی خانەنشینان ئەوەشی خستەڕوو،. بۆ چارەكردنی كێشەكە، پێشنیازمان كردووە، لە نێوخۆی هەر پارێزگایەكدا مامەڵەی خانەنشینان تەواو بكرێن و پێویستی بە هەولێر نەبێت، دواتر هەر پارێزگایەك داتاكانی ڕادەستی وەزارەتی دارایی و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكە بكات.