سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژە بەوەدەكات دەبێت یەكێتی و پارتی بەزوویی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم پێكبهێنن، چونكە قەیرانی گەورە لەناوچەكەو جیهان رویداوەو رەنگە قەیرانی گەورەتریش بەڕێوەبێت. مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر لە وتارێكدا ڕایگەیاند: بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم تائێستا هەنگاوی باشنراوە، بەڵام پێویستە پارتی و یەكێتی پەلەبكەن و هەرچی زووە حكومەت پێكبهێنرێت، بۆیە داوا لە هەموو لایەنەكان دەكەم بەشداری لە حكومەتدا بكەن. ئاماژەی بەوەشكرد، تا ئاستێكی باش كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد چارەسەركراون، بەڵام هێشتا زۆری ماوە، ئەگەر لایەنە عێراقییەكان پابەندبونیایە بە دەستورو ئەو بنەمایانەی عێراقی نوێی لەسەر بونیادنراوە، گرفتەكانی نێوان هەرێم و بەغداد رویاننەدەدا. سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو، ئەوانەی ئێستا كاربەدەستن لە بەغداد، بە هەموو توانیانەوە هەوڵبدەن عێراق تێكەڵاوی ململانێی و شەڕی ناوچەكە نەبێت، چونكە قەیرانی گەورە لەناوچەكەو جیهان رویداوەو، رەنگە قەیرانی گەورەتریش بەڕێوەبێت.