بەهۆی ئەوەی لە بودجەی گشتی عێراقدا نرخی بەرمیلێك نەوت بە 70 دۆلار دیاریكراوە و ئێستا نەوت بۆ 65 دۆلار دابەزیوە، بەو هۆیەوە مانگانە زیاد لە 12 ملیار دۆلار زیانی بەردەكەوێت، ئەوەش زەنگێكی مەترسیدار بۆ وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتی وەكو عێراق. ئەمڕۆ پێنج شەممە نرخی نەوتی برێنت لەدوای كردنەوەی بازاڕەكانی ئاسیا، نرخەكانی نەوت دووبارە دابەزینەوە، بەجۆرێك نرخی نەوتی برێنت بە 65 دۆلار و 10 سەنت مامەڵەی پێوەكرا، نرخی نەوتی سووكی تەكساسی ئەمریكاش بە 62 دۆلار و چوار سەنت مامەڵەی پێوەكرا. ئاماژەبەوەكراوە، دابەزینی نرخی نەوت بۆ ئاستەكانی ئێستا كێشەی گەورەی كورتهێنانی بودجە بۆ عێراق و بەرهەمهێنەرانی دیكەی نەوت دروستدەكات، چونكە لە بودجەی گشتی عێراق نرخی نەوت بە 70 دۆلار دیاریكراوە، لەكاتێكدا دابەزینی 1 دۆلار لە نرخی نەوت، رۆژانە داهاتی عیراق بەبڕی 3.5 ملیۆن دۆلار، مانگانە 105 ملیۆن دۆلار و ساڵانە یەك ملیار و 260 ملیۆن دۆلار دادەبەزێنێت. ئەگەر نرخی نەوتی برێنت لە نزیكەی 65 دۆلار مامەڵەی پێوەبكرێت، بەو مانایەیە كە نرخی نەوتی عێراق بەنزیكەی 60 دۆلار دەفرۆشرێت كە 10 دۆلار كەمترە لەوەی لە بودجەدا دانراوە، بۆیە كەمبوونەوەی 10 دۆلاری نرخی نەوت، مانگانە 12 ملیار و 600 ملیۆن و ساڵانەش 16 تریلیۆن و 400 ملیار دۆلار كورتهێنان لە بودجەی ساڵانەی عێراقدا دروستدەكات.