گرنگ

دوای دەست لە کارکێشانەوەی حەسەن تۆران، بوار سەرۆکی نوێی بەرەی تورکمانی ئاشکرا دەکات

2025-04-13

 

حەسەن تۆران سەرۆکی بەرەی تورکمانی دەستی لە سەرۆکایەتی کردنی حیزبەکەی کێشایەوەو بڕیارە محەمەد سەمعان لە شوێنی ببێتە سەرۆکی بەرەی تورکمانی. حەسەن تۆران سەرۆکی بەرەی تورکمانی ئەمڕۆ ۱۳ی ٤ لەبەیاننامەیەکدا دەست لە کارکێشانەوەی خۆی لەسەرۆکایەتی بەرەی تورکمانی ڕاگەیاند و بڕیارە ئەمڕۆ سەرۆکی نوێی بەرەی تورکمانی هەڵببژێردرێت. بەپێی زانیاریەکانی بوار، بەرپرسی لقەکانی بەرەی تورکمانی لە موسڵ و تەلەعفەر و دووز خورماتوو و دیالە و هەولێر و بەغداو کفری گەیشتونەتە کەرکوک و لەگەڵ مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی لقی کەرکوکی بەرەی تورکمانی لەکۆبونەوەدان و بڕیار لەسەر دانانی سەرۆکێکی نوێ بۆ بەرەی تورکمانی دەدەن. بەپێی زانیارییەکان، محەمەد سەمعان ئاغا ئۆغڵۆ ئەندامی مەکتەبی سیاسی و وتەبێژی بەرەی تورکمانی و سەرۆکی لیستی بەرە لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە کەرکوک شوێنی حەسەن تۆران دەگرێتەوە و ئەمڕۆ کاتژمێر ۲ی پاش نیوەڕۆ وەک سەرۆکی نوێی بەرەی تورکمانی ڕادەگەیەنرێت. دوای زۆر بوونی ناڕەزایی لە ڕۆڵ و پێگەی ئێستای سەرکردایەتی بەرەی تورکمانی بەرامبەر ئاڕاستەی ئەرشەد ساڵحی و تورکمانە شیعەکان کە ڕێکخراوی بەدر سەرۆکایەتیان دەکات، دوو جەمسەری نوێنەرایەتی تورکمانن حەسەن تۆران سەرۆکی ئێستای بەرەی تورکمانی دەستی لەسەرۆکایەتی بەرە کێشایەوە. گۆڕینی سەرۆکی بەرەی تورکمانی ئامادەکاری بەرەی تورکمانییە بۆ گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پرسی مامەڵە کردن لەگەڵ ئیدارەی کەرکوک. لە مانگی ڕابردوو لە تورکیا چەند جوڵەیەک بەئاڕاستەی یەکخستنی هەردوو ئاڕاستەکەی بەرەی تورکمانی کراوە، بەڵام هەوڵەکە بێ ئەنجام بووە و دواجار گۆڕینی سەرکردایەتی ئێستای بەرە بەچارەسەر زانراوە بۆ ڕێگرتن لە هەژموونی دوو ئاڕاستەکەی تری تورکمان. پڕۆژەی گۆڕانکاری لە سەرۆکی بەرە لەسەر پێشنیاری ئەنجومەنی ئەعیانی تورکمانەوە بووە کە پێکدێن لەچەندین سەرمایەدار و کەسایەتی تورکمان و زۆرینەیان لە تورکیا نیشتەجێن و دەیانەوێت بەنوێکردنەوەی سەرکردایەتی ڕۆڵ بۆ بەرەی تورکمانی بگێڕنەوە و بیکەنەوە بە تاکە نوێنەری تورکمان. لە کاتێکدا لە ڕابردوو هەڵگری ئەو دروشمە بووە، بەڵام لە چوار ساڵی ڕابردوو ئاڕاستەی تورکمانی سەر بە ڕێکخراوی بەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە و ئاڕاستەی ئەرشەد ساڵحی وەکو دوو بلۆکی نوێی تورکمان دەرکەوتن و لە کۆی دوو نوێنەری تورکمان لە پەرلەمانی عێراق و دوو نوێنەر لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک تەنها نوێنەرێکی ئەنجومەنی پارێزگا گوزارشت لە باڵی سەرکردایەتی بەرە دەکات.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color