داهاتی هەفتانەی هاتوچۆی راپەڕین نزیکەی ٥٠٠ ملیۆن دینارەو تەنیا ١١ ملیۆنی گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی. لە بەشێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن هەواڵی ئەوە بڵاو کرایەوە کارمەندێک پارەی داهاتی هاتوچۆی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی ڕاپەڕینی بردووەو هەڵهاتووە، دواتر بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕەتی کردەوەو تەنها ئاماژەیان بە دیارنەمانی کارمەندێکی بەڕێوەبەرایەتیەکە لە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردووەوە کرد. بەپێی بەدواداچوونی بوار، داهاتی مانگانەی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی ڕاپەڕین نزیکەی ٥۰۰ ملیۆن دینارە و لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا هەفتەی ڕابردوو داهاتی بەڕێوەبەرایەتیەکە یەک ملیار و ٤۷٨ ملیۆن دینار بووەو داهاتی مانگی یەک ٥۰۲ ملیۆن دینار و داهاتی مانگی دوو ٤۳۹ ملیۆن دینار و داهاتی مانگی سێ ٥۲٥ ملیۆن دینار بووە، بەڵام لە سەرەتای مانگ تا کۆتای هەفتەی ڕابردوو تەنها ۱۰ ملیۆن و ٨۹۰ هەزار دینار داهات گەڕێنراوەتەوە بۆ خەزێنەی ڕاپەڕین. لە کاتێکدا لەمانگەکانی ڕابردوو داهات تا نیوەی مانگ نزیکەی ۲٥۰ ملیۆن دینار بووە. سەرچاوەیەکی ئاگادار بە بواری ڕاگەیاند دۆسیەی دیار نەمانی پارەی قاسەی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی ڕاپەڕین ئاڵۆزە و هێشتا لیژنە وردبینی لە حساباتی ساڵی ڕابردوو تەواو نەکردووە کە شەش ملیار و ۱۱۹ ملیۆن دینار وەک داهات گەڕاوەتەوە خەزێنە. سەرچاوەکەی بوار دیار نەمانی پارەکەی پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند «دەوام نەکردنی کارمەندێک و نەهاتنی بۆ دەوام بۆ یەک ڕۆژ گرفت نیە، چونکە هەینی و شەممە پشوو بووە و کارمەندەکە لە بەشی ژمێریارییە و تەنها رۆژی یەکشەممە نەهاتووە، بەڵام دەرکەوتووە داهات لەسەرەتای مانگەوە بەشێوەی تەواو نەگەڕاوەتەوە بۆ خەزێنە و لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە دروستکراوە وردبینی پارەی ناو قاسەی بەڕێوەبەرایەتی و پارەی گەیشتوو بۆ سەر هەژماری خەزێنە لە بانک لەگەڵ وەسڵی داهات و ڕسومات و سزا دەکاتەوە ئەوکات دەزانرێت پارە براوە یان نا و بڕەکەی دیاری دەکرێت.