نوێنەرێكی هەڵەبجە لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوەدەكات ئەگەر ئەمڕۆ كۆبوونەوەی پەرلەمان نەكرێت و پرۆژەیاسای بە پارێزگاكردنی هەڵەبجە پەسەند نەكرێت، ئێمە سبەی بەشداری كۆبوونەوەی پەرلەمان نابین و بایكۆتی دانیشتنەكان دەكەینەوە. چرۆ حەمە شەریف، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی و نوێنەری هەڵەبجە لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: لەگەڵ ئەوەی پێناچێت ئەمڕۆ كۆبوونەوەی پەرلەمان بەڕێوەبچێت، بەلام ئێمە چاوەڕێدەكەین ئەگەریش لە كۆتایدا كۆبوونەوەی پەرلەمان بەڕێوەنەچوو، ئەوا ئێمەش وەك كوتلە كوردستانییەكان بەشداری كۆبوونەوەكەی سبەی و هیچ كۆبوونەوەیەكی دیكەی پەرلەمان ناكەین تا ئەوكاتەی پرۆژەیاسای بە پارێزگاكردنی هەڵەبجە تێدەپەڕێندرێت و لەسەر هەلوێستی خۆمان سوورین ئاماژەی بەوەشكرد، بابەتەكە بەسیاسی كراوە، چونكە كاتێك بڕیار لەسەر دانیشتنی پەرلەمان دەدرێت ئامادەی دانیشتنەكان نابن، لەكاتێكدا هەموو فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی عێراق بەڵێنی ئەوەیانداوە كە دەنگ بە پرۆژەیاساكە دەدەن.