لەسەر داوای یاسین محەمەد تاکە ئەندامی کوردی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین کاندیدێکی کورد لە پشکی یەکێتی لە پۆستی سەرۆکی شارەوانی قەزای دووز خورماتوو دانرا.
ئەندامە کوردەکەی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین لەداواکاریەکدا بۆ پارێزگاری سەڵاحەدین ڕۆژی ۱٤ی ئەم مانگە داوای دانانی ئەندازیار هیوا غالب مەجید دەکات بۆ سەرۆکی شارەوانی قەزاکە و ڕۆژی ۱٦ی ٤، بەنوسراوێک بەدر مەحموود فەحل پارێزگاری سەڵاحەدین ئەندازیار هیوا غالب وەک سەرۆکی شارەوانی قەزاکە دادەنێت.
پۆستی سەرۆکی شارەوانی دوای پۆستی قایمقام گرنگترین پۆستی ئیداریە لە قەزای دووز خورماتوو و لەدوای ڕووداوەکانی ئۆکتۆبەری ۲۰۱۷ کورد چەندین پۆستی لە دووز لەدەستدا، بەڵام بەهۆی بەدەست هێنانی کورسیەک لەکۆی ۱٥ كورسی پارێزگاکە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان کورد توانی بەشێک لە پێگەی خۆی بەدەست بهێنێتەوە و چەند پۆستێکی لەئاستی پارێزگاو قەزاکە وەرگرت دیارترینیان سەرۆکی شارەوانییە.
پارێزگای سەڵاحەدین ناوەندەکەی شاری تکریتەو لە نۆ قەزا پێکهاتووە وقەزای دووز یەکێکە لە قەزاکانی پارێزگاکەو دانیشتوانەکەی پێکهاتووە لە کورد و تورکمان و عەرەب و کورد زۆرینەی قەزاکە پێک دێنێت.