بەمەبەستی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێم و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنی نەوت کۆدەبنەوە. بەغدا دەیەوێت لە ماوەی هەفتەیەکدا دەست بە هەناردە کردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بکرێت. بڕیارە ڕۆژی شەممە، ۱۹ی نیسان، کاتژمێر ۱ی دوا نیوەڕۆ لە شاری بەغداد کۆبونەوەیەک لە نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم و نوێنەرانی کۆمەڵەی ئاپیکۆر کە هەشت کۆمپانیای بەرهەم هێنی نەوتن سازبکرێت و پرسی هەناردە کردنەوەی نەوتی هەرێم تاوتوێ دەکرێت. دوای شکست هێنانی هەوڵەکانی هەناردەی نەوتی هەرێم، لە ۲٨ی شوباتی ئەمساڵ و بێ ئەنجام بوونی دوا کۆبوونەوەی بەغدا لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت. هەریەک لە وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمەڵەی ئاپیکۆر لە ڕاگەیەندراوی جیادا ئۆباڵی هەناردە نەکردنەوەی نەوتی هەرێمیان خستە ئەستۆی یەکتر و بەغدا کۆمپانیاکانی بەدروستکردنی لەمپەری نوێ لەبەردەم هەناردەنەکردنەوەی نەوت تۆمەتبار کرد و کۆمپانیاکان لەبەرامبەردا داوای گرەنتی بۆ گرێبەست و قەرز و شایستە دارایەکانیان دەکەن.