یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بڕیاریداوە رۆژی 23ی نیسان، دیداری گشتی حیزبەكەی لە شاری سلێمانی بەڕێوەببات و تیایدا كۆمەڵێك گۆڕانكاری ئەنجام بدات. بڕیارە لە دیداری گشتی یەكێتی پێشنیاری دانانی رەفعەت عەبدوڵڵا بە جێگری سەرۆكی پەسند بكرێت. بەپێی زانیارییەكان، بڕیار بوو پێشنیاری دانانی جێگری سەرۆكی یەكێتی لە كۆبونەوەی فراوانی سەركردایەتی یەكێتی دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام بافڵ تاڵەبانی ترسی هەبووە ئەو پێشنیارەی دەنگی پێویست نەهێنێت یاخود دەنگی كەم بەدەست بهێنێت. بۆیە پێشنیارەكەی هەڵگرتووە بۆ دیداری گشتی یەكێتی، تا لەو ماوەیە ئامادەكاری بۆ بكرێت و بتوانرێت دەنگی زۆرینەی موتڵەقی ئەندامانی دیداری یەكێتی بە دەست بهێنێت. بەپێی زانیارییەكان، دووەمین گۆڕانكاری كە بڕیارە لەناو ڕێكخستنەكانی یەكێتی ئەنجام بدرێت كەمكردنەوەی ژمارەی مەڵبەندەكانی یەكێتییەو لەو دیدارە ئەو پێشنیارە دەخرێتە دەنگدان و ژمارەیەكی زۆر لە مەڵبەندەكانی یەكێتی هەڵدەوەشێندرێنەوە و تێكەڵ بە نزیكترین ئۆرگانی یەكێتی دەكرێن. بەپێی زانیارییەكان، ژمارەیەك گۆڕانكاری دیكەش لەناو دیداری گشتی یەكێتیدا دەكرێن. لەوانە ئەو بەرپرسانەی یەكێتی كە نیازی پۆستی حكومییان هەیە دەبێت خۆیان دەستبەرداری پۆستە حیزبییەكانیان ببن و پێشنیارێكیش هەیە ئەو كەسانەی دەستبەرداری پۆستی حكومی دەبن پۆستی حیزبییان پێبدرێت.