وەزارەتی تەندروستی هەرێم بۆ دوربوون لە توشبوون بە نەخۆشی تای خوێنبەربون، چەند ڕێنماییەكی بلاوكردەوە و جەخت لەوەدەكاتەوە كە پێوستە سەربڕینی ئاژەڵ لەناو ئەو سەربڕینخانانەدا بێت و جلوبەرگی خۆپارێزی بەكار بهێنرێن، داواش لەهاوولاتیان دەكات لە دەوری قەسابەكان كۆمەبنەوە. وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بۆ دوربون لە نەخۆشیی تای خوێنبەربون، پێوستە لە كاتی سەربڕینی ئاژەڵ ئەم ڕێنماییە زانستییانە جێبەجێ بكرێن لەوانە، سەربڕینی ئاژەڵ پێویستە لەناو ئەو سەربڕینخانانەدا بێت كە ڕێگەپێدراون و پزیشكی ڤێنتەرنەری سەرپەرشتی دەكات. ئاماژە بەوەشكراوە، لە كاتی سەربڕینی ئاژەڵ و كەوڵكردن یان پارچەپارچەكردنی گۆشتەكەیان، جلوبەرگی خۆپارێزی وەك، دەستكێش، جزمە، بەرگی تایبەت، ماسكی دەموچاو بەكار بهێنرێن و نابێت خێزان یان خەڵك لە چواردەوری قەساب كۆببنەوە و هاوكاریی بكەن. هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا ئەوەشهاتووە، بەبێ دەستكێش مامەڵەكردن لەگەڵ كەلاك مەكەن و دوای پۆشینی دەستكێش و كەلوپەلی خۆپارێزی گۆشتەكە پارچەپارچە بكەن و پاشان دەست بەباشی بشۆردرێت، پاشان لابردنی پاشماوەی ئاژەڵە سەربڕاوەكان و دانانی كیسی داخراو و فڕێدانی بۆ شوێنی تایبەت، هاوكات بەكارهێنانی چەقۆ و تەختەی پارچەپارچەكردنی تایبەت بە گۆشت و پاكژكردنەوەی تەختە و چەقۆكان و پاككردنەوەی ئەو شوێنەی ئاژەڵەكەی لێ سەر دەبڕدرێت بە ماددەی كلۆرین پاك بكرێنەوە.