گرنگ

بوار، وردەكاری بەستنی سێیەم كۆنفرانسی نیشتمانی گۆڕان بڵاودەكاتەوە

2025-04-24

 

وا بڕیارە رۆژی شەممە، لەسەر داوای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، بزووتنەوەی گۆڕان سێیەمین كۆنفرانسی نیشتمانی خۆی لەشاری ببەستێت. ناوەڕاستی مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوو بزووتنەوەی گۆڕان بوو بە دوو باڵ (گردی زەرگەتە و كوردسات)، رۆژی 5ی ئەم مانگە باڵی گردی زەرگەتە كە چیای نەوشیروان مستەفا سەرۆكایەتی دەكات، لە گردی زەرگەتە سێیەم كۆنفرانسی نیشتمانیان بەست، بەڵام نوێنەری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق ئامادە نەبوون، بڕیاریش بوو رۆژی 10ی ئەم مانگە (باڵی كوردسات)یش بە سەرۆكایەتی دانا ئەحمەد مەجید، سێیەم كۆنفرانس ببەستن، بەڵام كۆمسیۆن ئەو كۆنفرانسەی راگرت، بەو پێیەی دەبێت هەردوو باڵەكە لە یەك رۆژ و لە یەك شوێندا كۆنفرانس ببەستن. لە چەند رۆژی رابردوودا كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق بە فەرمی رۆژی 26ی نیسان واتە رۆژی شەممەی دیاریكردووە بۆ بەستنی سێیەم كۆنفرانسی نیشتمانی، بەپێی زانیارییەكانی بوار، كۆمسیۆن هۆڵی یانەی وەرزشی ئاشتی لە شاری سلێمانی بۆ بەستنی ئەو كۆنفرانسیە ئامادە كردووە و نوێنەری كۆمسیۆنیش ئامادە دەبێت. هەر بەپێی زانیارییەكان، كۆمسیۆن داوای لە هەردوو باڵە كردووە هەزار و 200 ئەندام بۆ ئەو كۆنفرانسە ئامادە بكەن، لە هەر باڵێك 600 ئەندام. هەروەها سەرچاوەیەك لە باڵی كوردساتی بزووتنەوەی گۆڕان بە بواری راگەیاند، تائێستا دوو هۆڵ پێشنیار كراوە بۆ بەستنی كۆنفرانسی رۆژی شەممە، هۆڵی یانەی وەرزشی ئاشتی، یان هۆڵی پێشمەرگە، هەر بەپێی زانیارییەكانی ئەو سەرچاوەیە، بڕیاریشە ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەفدێكی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق سەردانی شاری سلێمانی بكەن بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ هەردوو باڵەكە و ژمارەی ئەندامانیان بۆ رۆژی كۆنفرانس.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color