وتەبێژی فریاكەوتنی ئێران رایگەیاند، تاوەكو ئێستا 516 كەس كە لە تەقینەوەكەی ئەمڕۆدا لە بەندەرعەباس بریندار بوون، بۆ نەخۆشخانەكان گوێزراونەتەوە. ئەمڕۆ شەممە لە شاری بەندەرعەباس، ناوەندی پارێزگای هورموزگان لە باشووری ئێران تەقینەوەیەكی گەورە روویدا، بە پێی میدیای ئێران، دەنگی تەقینەوەكە زۆر بەهێز بووە و تاوەكو چەند كیلۆمەتر دوورتر لە شاری بەندەرعەباس و تەنانەت لە دوورگەی قشم دەنگەكەی بیستراوە. بابەك یەكتاپەرەست، وتەبێژی فریاكەوتنی ئێران رایگەیاند، بە پێی زانیارییە سەرەتاییەكان، تا ئێستا 516 برینداری رووداوەكە گەیێنراونەتە نەخۆشخانەكانی شاری بەندەرعەباس لە باشووری ئێران. ئاماژەی بەوەشكردوو، شارەكانی شیراز، جەهرم و لار لە پارێزگای فارس كەوتوونەتە دۆخی ئامادەییەوە و هاوئاهەنگیی پێویست بۆ گواستنەوەی برینداران بۆ نەخۆشخانەكانی ئەم شارانە كراوە. هەروەها هێلیكۆپتەرێكی فریاكەوتن لە شاری لارەوە بەرەو بەندەرعەباس بەڕێكەوتووە. كۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای هورموزگان دەڵێت، لێكۆڵینەوە لەبارەی رووداوەكە دەستپێكردووە، بەڵام تا ئێستا هۆكاری تەقینەوەكە دیار نییە، دوای تەقینەوەكە، ئاگرێكی گەورە لە بەندەری شەهید رەجایی بەندەرعەباس كەوتووەتەوە و دووكەڵێكی رەش بە ئاسمانی ناوچەكەدا بڵاوبووەتەوە، هاوكات بە دەیان تیمی ئاگركوژینەوە و فریاكەوتن گەیشتوونەتە شوێنی تەقینەوەكە.