گرنگ

بافڵ تاڵەبانی، بە شوێن پێی مام جەلالدا موجامەلەی بارزانی دەکات

2025-05-02

 

سەردەمی جەلالی و مەلایی كە لە شەستەكانی سەدەی ڕابردووەوە لە هەرێم دەستیپێكرد، مام جەلال كە ڕەمزی باڵی مەكتەبی سیاسی پارتی بوو بەرامبەر مەلا مستەفای سەرۆكی پارتی و دواجار لە ساڵی 66 بۆ دژایەتی مەلا مستەفا چووە پاڵ رژێمی بەعس. بەدوای ئەویشدا دواتر ڕاگەیاندنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پاشان دروستبوونی دەیان شەڕی ناوخۆیی لە شاخ و لە شار، هیچ كات مام جەلال ئیعتیرافی بە مەسعود بارزانی نەدەكرد و وەك سەرۆك نەیدەناسی. بەڵام لە دوای 2003 كە پۆستی سەرۆك كۆمار كەوتە دەست كورد لە پێناوی ئەو پۆستە هەموو تەنازولێكی بۆ مەسعود بارزانی كرد و تا كار گەیشتە ئەوەی كە لە ساڵی 2009 بارزانی، لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هەرێم ئەوەی ڕاگەیاند كە بە كوێرایی چاوی ناحەزان كاك مەسعود سەرۆكی ئێستا و داهاتووی هەموو كوردستانە. قسەكانی مام جەلال پێچەوانەی هەموو ئەو بانگەشانە بوو كە لە ساڵی 66 ەوە دەیكرد و باسی لە كۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی دەكرد. بەڵام ئەمجارەیان باسی لە چەسپاندنی بنەماڵەی بارزانی دەكرد. ڕێك وەك دواین هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، كە بافڵ تاڵەبانی بە گاڵتەو گەپەوە باسی لە پێگەی بنەماڵەی بارزانی دەكرد و تەنانەت وەك سوكایەتییەك دەیگوت وەهاب هەڵەبجەیی دەكەم بە محافزی بارزان. بافڵ تاڵەبانی، لە هەڵمەتەكە دەیگوت حكومەتەكەی مەسرور دەروخێنم. ئێستا كە هەڵبژاردن كۆتایی هاتووە. پێچەوانەی ڕابردوو ئەمجارەیان هێندە دڵی خۆشە بە دانیشتن لەگەڵ مەسرور بارزانی، بانگەشەی ئەوە دەكات كە دەڵێت لەگەڵ كاك مەسرور نوكتە بۆ یەكتر دەگێڕینەوە. قسە پێچەوانەكانی ئێستای بافڵ تاڵەبانی هەمووی بۆ ئەوەیە كە بتوانێت مەسعود بارزانی ببینێت و لە ڕێی مەسعود بارزانییەوە بگات بە كورسی سەرۆك كۆماری عێراق.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color