گرنگ

رێبوار تەها، پارێزگاری كەركوك: 25%ی بودجەكانی پێشترمان پێبدەن، كەركوك دەكەینە یەكەمی پارێزگاكانی عێراق

2025-05-02

 

رێبوار تەها، پارێزگاری كەركوك رایدەگەیەنێت، 25%ی ئەو بودجەیەی پێشتر بۆ  ئیدارەكانی كەركوك خەرجكراوە، ئێستا بۆ ئەوان دابین بكرێت، شارەكە دەكەنە یەكەمی پارێزگاكانی عێراق. رێبوار تەها، پارێزگاری كەركوك بەبۆنەی جەژنی جیهانی كرێكاران سەردانی سەندیكای كرێكارانی ئەو شارەی كرد و لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پێشتر خۆیشی كرێكار بووە، بەڵام ئێستا وەك پارێزگار سەردانی كرێكارانی كردووە و ئەوانیش سەردانەكەیان بەلاوە گرنگ بووە كە یەكەمجارە پارێزگارە بێتە لایان. سەبارەت بە سەردانەكەی بۆ لای محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، رێبوار تەها وتی "لەگەڵ جەنابی سەرۆك وەزیران 45 خولەك كۆبووینەوە و داواكاری كەركوكی لا گرنگە، لەداهاتوویەكی نزیكیشدا كاریگەرییەكانی ئەو سەردانە دەردەكەوێت". هەروەها وتیشی "ئەگەر بێتوو 25%ی بودجەمان پێبدەن لە 2 تا 3 ساڵدا كەركوك دەكەینە یەكەم لەسەر ئاستی پارێزگاكانی عێراق". دەربارەی چارەسەری كێشەی زەوی و زاری كوردی گوندەكان، پارێزگاری كەركوك دەڵێت "هەرچی دۆسیە هەیە باسكراوە، بەڵام هەموویان كاتیان دەوێت بۆ چارەسەركردن، ئێمە نامانەوێت كێشەیەك چارەسەر بكەین و كێشەیەكی دیكە بێتە ئاراوە، بەڵكو دەمانەوێت سەرجەم كێشەكان چارەسەر بكەین".

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color