بانكی رافیدەین كۆتایی بەو دەنگۆیانە هێنا كە گوایە لە عێراق گرفتی نەبوونی پارەی نەختینە سەریهەڵدابێت و بەهۆیەوە گرفت بۆ مووچە دروست ببێت، لەو چوارچێوەیەشدا بانكی ڕافیدەین جەخت لەوەدەكەنەوە كە هیچ قەیرانێكی پارەی نەختینە بوونی نییە وزیاتر لە هەشت تریلیۆن دینار یەدەگی زیادەشمان هەیە. لە ڕاگەیەندراوێكی بانكی رافیدەین ئەوەهاتووە، هیچ ئاماژەیەك نییە بۆ هیچ قەیرانێكی نەختینەیی یان ترس و دڵەڕاوكێی بانكیی، پێگەی دارایی بانكی رافیدەین بەهێز و تۆكمەیە، لەگەڵ بوونی یەدەگی یاسایی زیاتر لە هەشت تریلیۆن دینار كە لە بانكی ناوەندیی عێراق دانراوە. ئاماژە بەوەشكراوە، بانكی رافیدەین متمانەی خۆی لەلای هاووڵاتییان لە سەختترین بارودۆخدا پاراستووە، ئێمە دان بەوەدا دەنێین كە ناوبانگی بانك تەنیا بە سەروەت و سامان ناپێورێت، بەڵكو بە قووڵیی پەیوەندی نێوان بانكەكە و كۆمەڵگاكەی دەپێورێت، ئەمڕۆش بەرجەستەی متمانەی دارایی دەوڵەتی عێراقە. بانكی ڕافیدەین ئەوەشیان خستووەتەڕوو، بانكی رافیدەین هیچ قەرزێكی گەورەی لەسەر نییە و لە ژێر چاودێریی راستەوخۆی بانكی ناوەندیی عێراقدا كاردەكات، بۆیە بەراوردكردنمان لەگەڵ داڕمانی بانكیی وڵاتانی دیكە قبووڵ ناكەین، بەراوردی نێوان بانكی رافیدەین و ئەو بانكانەی لە وڵاتانی دیكە داڕماون، هیچ بابەتییانە نییە.