منداڵێکی نۆ ساڵات منداڵێکی هاوڕێی دەکوژێت و شەوی ڕابردووش دوو ڕووداوێکی دیکەی کوشتن لەگەرمیان ڕوویدا. شەوی ڕابردوو، ۱۲ی ئایار، دوو ڕووداوی جیاوازی کوشتن لە سنوری ئیدارەی گەرمیان ڕوویاندا و بەهۆیەوە منداڵێکی شەش ساڵ و گەنجێکی تەمەن ۳۰ ساڵ گیانیان لە دەستدا. بەپێی زانیارییەکان، شەوی ڕابردوو منداڵێکی تەمەن نۆ ساڵ دەمانچەی باوکی دەباتە کۆڵان و دەستکاری دەکات. لە ئەنجامدا فیشەکێک بەر منداڵێکی شەش ساڵان کە هاوڕێی بووە دەکەوێت و گیان لە دەست دەدات. دوای ڕووداوەکە پۆلیسی گەرمیان بەفەرمانی دادوەر باوکی منداڵەکە دەستگیر دەکات. درەنگانی شەوی ڕابردووش لە گوندی سپی سەری ناحیەی ئاوەسپی قەزای کفری شەڕ لە نێوان چەند کەسێک دروست دەبێت و لە ئەنجامی تەقە کردن هاوڵاتییەکی تەمەن ۳۰ ساڵ بەناوی شوانە سەرتیپ لەتیف دانیشتووی قەزای چەمچەماڵ گیان لەدەست دەدات.